سێ شاعیری ناوداریش کۆڕیان هەیە

رۆستەم ئاغالە تابلۆکانی بردە ئیستەنبوڵ

964+

فەهمی نەبی

هونەرمەندی شێوەکاری کورد رۆستەم ئاغالە، 20 تابلۆی خۆی لە هۆڵێکی ناوچەی تەقسیم لە ئیستەنبوڵ نمایش کرد و بڕیارە ئەمڕۆ لە هەمان هۆڵ کۆڕێکی شیعری بۆ سێ شاعیری کورد ئەنجام بدرێت.

ئەو هۆڵەی تابلۆکانی لێ نمایش کراوە، هۆڵی وەقفی ئیسماعیل بێشکچیە، لەلایەن نووسەری تورک و دۆستی کورد ئیسماعیل بێشکچی سەرپەرشتی دەکرێت و دەکەوێتە ناوچەی تەقسیم لە ئیستەنبوڵ.

ئەمڕۆ شەممە پێشانگاکە کراوەتەوە، رۆستەم ئاغالە بۆ 964 قسەی کرد و دەڵێت، “بڕیارە نمایشەکە 15 رۆژ بەردەوام بێت، ئەو تابلۆیانەی نمایشکراون هەڵبژاردەی 20 لە بەناوبانگترین تابلۆکانم بووە”.

ئاغالە ئەوەشی وت، تابلۆکان باسکردنە لە ئازاری رابردووی نەتەوەی کورد، هاوکات بەشێکی تابلۆکان دەرخستنی جوانییەکانی شاماران بووە،(شاماران، لە فۆلکلۆری باکووری کوردستان بە شای مارەکان دەوترێت کە نیوەی ژنە و نیوەکەی دیکەی مارە).

رۆستەم ئاغالە، شێوەکارێکی بەناوبانگی کوردە و خەڵکی شاری کۆیەی سەر بە پارێزگای هەولێرە، لە کۆیە خاوەنداریەتی گەلەرییەک دەکات و پێشانگای لە چەندین وڵاتی ئاسیا و ئەوروپا و ئەمریکا کردووەتەوە.

بە پێی زانیارییەکانی 964 ئەو چالاکییە تەنیا پیشانگا نییە، بڕیارە ئەمڕۆ شەممە لە هەمان هۆڵ هەریەکە لە شاعیران، تەڵعەت تاهیر، کەژاڵ ئەحمەد و موئەیەد تەیب شیعر بخوێننەوە.

چالاکییەکە لە لایەن هەریەکە لە دەزگای کوردستان کرۆنیکڵ، دەزگای چاپەمەنی ئاڤێستا و وەقفی ئیسماعیل بێشکچی پاڵپشتی دەکرێت.