24 کاتژمێرە ئاگر لە ناحیەی بنگرد کەوتووەتەوە
964+
مەجید بتوێنی – بنگرد
بە هۆکارێکی نادیار لەو دیوی چیای شارەستێن ئاگرێک دەکەوێتەوە و بایەکی بەهێز دەیگەیەنێتە دامێنی چیای دارەبەنان و نزیکەی دوو هەزار دۆنم و دەیان رەزی ترێ و داری ترشی دەسووتێنێت.
ئاگرەکە کاتژمێر 5ـی ئێوارەی دوێنێ بە هۆکارێکی نادیار دەکەوێتەوە، دوای کۆنتڕۆڵکردنی ئەوا سەر لە بەیانی ئەمڕۆ دووبارە ئاگرەکە دەکەوێتەوە و زیانی زۆری بە بەروبوومی جوتیارانی ناوچەکە دەگەیەنێت.
سەرەتای ئاگرەکە لەودیوی چیای شارەستێن لەگەڵ بایەکی بەهێز روو دەکاتە چیای دارەبەنان و هیلانەقەل لە گوندی کانی تووی ناحیەی بنگردی سەر بەقەزای دوکان.
شۆرش کانی تووی، یەکێکە لە جوتیارانی دانیشتووی گوندی کانی توو لەسەر رووداوەکە بۆ 964 قسەی کردووە و دەڵێت، ئاگرەکە نزیکەی دوو هەزار دۆنم لە پوش و پاوانی چیای ئاسۆسی سووتاند، دوێنی شەو کۆنتڕۆڵکرا، بەڵام ئەمڕۆ سەر لە بەیانی سەریهەڵدایەوە بەهۆیەوە زیاتر لە 10 رەزی ترێی دێمی و سێ باخی داری ترشی لە قەدپاڵی دۆڵی قولەڕەش و گۆڕی مام سلێمان سوتاند.
“24کاتژمێر ئاگرەکە بەردەوام بوو، بەڵام تیمەکانی بەرگری شارستانی نەهاتن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی، گوندنشینان خۆیان ئاگربڕیان کرد و ئێستاش هاوڵاتیان لەو چیایە لە ئێشکگریدان نەکا دووبارە ئاگر سەرهەڵبداتەوە”. شۆڕش وای وت.
ناحیەی بنگرد، یەکێکە لە ناحیەکانی سنووری قەزای دوکان.
محەمەد عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری ناحیەی بنگرد باس لەوە دەکات کە چەندینجار داوایان کردووە، بەڵام هێشتا نەکراوەتەوە.
لەسەر رووداوی ئاگرکوژێنەوەکەش بە 964ـی وت، هۆکاری نەناردنی تیمەکانی بەرگری شارستانی قەزای دوکان سەختی ناوچەکە بوو، بەڵام هێزەکانی ئاسایش و پۆلیسی رۆیشتوون تاوەکو ئاگربڕ بکەن و یارمەتی خەڵکی ناوچەکە بدەن.
دەشڵێت: ئەوەی دۆخەکەی ئاڵۆزکرد ئەوەبوو کە ئاگرەکە چووەتە ناوچەی بە مین چێندراو، ئەمە وایکرد بە ناچاری بۆ پاراستنی گیانیان هێزەکە بکشێنینەوە.
“ناحیەکە ناوچەیەکی فراوانی لەدەشت وچیا هەیە، بەهۆی قەیرانی دارایی ودانەمەزراندن لەماوەی ڕابردودا نەتواندراوە بنکەی بەرگری شارستانی لەناحیەکە بکرێتەوە سەروڕای ئەوەی تائێستا چەندجار داوایان کردووە”محەمەد عەبدولرەحمان وای وت.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق