تیمەكانی شارەوانی هەولێر سەرقاڵی لابردنی زیادەڕۆكانی شەقامی باداوەن. وێنە: سۆشیاڵ میدیای ئومێد خۆشناو
عەرەبانە و مێز و دەسفرۆشەكانی باداوە كۆكرانەوە
+964
كوردستان ئەحمەد
عەرەبانە ومێز و دەسفرۆشەكانی گەڕەكی باداوە كۆكرانەوە و رێگەنادرێت جارێكی دیكە دایبنێنەوە.
لەمبەر و ئەوبەری شەقامی سەرەكی باداوە ژمارەیەك هاوڵاتی بە ئۆتۆمبێل و عەرەبانە و مێز شوتی و تەمانە و خەیار و میوەی جۆراوجۆر دەفرۆشن.
ئەمڕۆ سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر تیمێكی راسپاردووە بۆ كۆكردنەوە و لابردنی تەواوی دەسگێڕەكان، رێگەش نادرێت جارێكی دیكە دایانبنێنەوە.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە فەیسبوك نوسیویەتی، “هەڵگرتنی کەپر و مێزی ناسایایی و لادانی زێدەڕۆییەکان لەسەر موڵکی گشتی لە جووت سایدی باداوە، لە لایەن تیمەکانى شارەوانی چوار، بە هەماهەنگی پۆلیسی شارەوانی”.
شارەوانی رێنمایی داوە بەو كەسانەی كە لەوێ كاردەكەن جارێكی دیكە بۆیان نییە عەرەبانە و مێز دابنێن، ئەگەر دووبارەی بكەنەوە توشی سزای قورس دەبن.
لە وێنەكاندا كە شارەوانی هەولێر بڵاویكردونەتەوە، تیمەكانی شارەوانی سەرقاڵی كۆكردنەوە ولابردنی عەرەبانە و دەسگێڕەكانن و پاش كۆكردنەوەیان بە ئاو شوێنەکە پاكدەكرێتەوە.
تیمەكانی شارەوانی هەولێر سەرقاڵی لابردنی زیادەڕۆكانی شەقامی باداوەن. وێنە: سۆشیاڵ میدیای ئومێد خۆشناو