باتیفا دەکرێتە پێشەنگی رووگەی گەشتیارانی عێراق
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
بە دروستکردنی چەندان شوێنی گەشتیاری کار دەکرێت بۆ ئەوەی قەزای باتیفا بکرێتە رووگەی گەشتیارانی عێراق و زۆرینەیش بۆ شاخەوانی روو لە قەزایەکە دەکەن.
چیا و شاخەکانی قەزای باتیفا سەرنجی گەشتیاران بەلای خۆیان رادەکێشن و لەماوەی رابردوودا زۆرینەی ئەو گەشتیارانەی روویان لە دهۆک و زاخۆ کردووە، بەتایبەت روویان لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری ئەو دەڤەرەش کردووە.
قەزای باتیفا سەر بە ئیدارەی سەربەخوی زاخۆیە و نزیکەی 20 کیلومەتر لە سەنتەری شاری زاخۆ دوورە، هاوشانی ناوچە شاخاوییەکان دەیان ناوچەی شوێنەواریش بوونی هەیە کە بوونەتە جێی سەرنجی گەشتیاران.
چیا ئەمین، بەرێوەبەری گەشتوگوزاری زاخۆ بە 964ـی وت، رێژەی 70%ـی ناوچە و گوندەکانی قەزای باتیفا شاخاویین و جۆگە و بەستی ئاوی لێیە، ئەمەش وایکردووە ژینگەی دەڤەرەکە زور گونجاو بێت بۆ گەشتیاران، هاوکات بەراورد بە ناوچەکانی تری کوردستان پلەی گەرما لێرە زۆر نزمترە بە شێوەیەک لە هاوینگەیەکی وەک سۆلاڤ 10 پلە لە زاخۆ نزمترە.
زیاتر وتیشی “لە ماوەیەکی نزیکی داهاتوودا چەندین شوێنی گەشتیاری لەوێ دروستدەکەن و باتیفا دەکەین بە یەکەم قەزا لەسەر ئاستی هەموو عیراق لەڕووی گەشتیارییەوە”.
قەزای باتیفا، هەردوو ناحیەی دەرکار و بێگوڤای لەسەرە، لەڕووی جوگرافییەوە هاوشێوەی زاخۆ هاوسنوورە لەگەڵ تورکیا.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق