له ماوه‌ى سێ مانگدا 211 راوچی و داربڕ له دهۆك ده‌ستگیر كراون
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
پێشمه‌رگه‌ی ژینگه‌ى دهۆك ده‌ڵێت، له‌ماوه‌ى سێ مانگى رابردوودا له سنوورى پارێزگاكه‌یان 211 راوچی نایاسایی گیراون، له‌ناویاندا 178 ماسیگر كه به نایاسای راوى ماسییان كردووه.
بڕیارى قه‌ده‌غه‌كردنى راوى ماسی له هه‌رێمی كوردستاندا له رۆژى 5.3.2023 تاكو 15.6.2023 به‌ڕێوه‌چوو.
موقەدم رەمەزان سیاری به‌رپرسی مه‌فره‌زی هێزى پێشمه‌رگه‌ى ژینگه له دهۆك به 964ـی راگەیاند، ئه‌مڕۆ كۆتایی به بڕیارى قه‌ده‌غه‌ى راوكردنى ماسی هاتووه.
وتیشی “له‌ماوه‌ى قه‌ده‌غه‌ى راوه ماسیدا ده‌ست به‌سه‌ر 10 به‌له‌مى راوكردن 20 ئوتومبێل و سه‌دان تۆڕى ماسی و ژماره‌یه‌كى زۆرى ئامێر و كه‌لوپه‌لى راوكردندا گیراون، كه به‌شێكیان ئامێری كاره‌بایین”.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، زۆرترین سه‌رپێچیكردنه‌كان له سنوورى به‌نداوى موسڵ ئه‌نجام دراون و سه‌رپێچیكارانیش له نه‌ته‌وه‌ى كورد و عه‌ره‌بن.
وتیشی “له‌م ماوه‌یه‌شدا 178 كه‌س به‌هۆى راوكردنى ماسی و 16 كه‌س به‌هۆى داربڕین و 17 كه‌سیش وه‌ك راوچى ئاژه‌ڵ ده‌ستگیر كراون و دراونه‌ته دادگا”.
پێداچوونه‌وه: فه‌رهاد حه‌سه‌ن