لە خولی لاوانی عێراق

نەورۆز بردنەوەیەکی گرنگی تۆمار کرد

+ 964
یادگار محەمەد – سلێمانی

تیپی تۆپی پێی لاوانی نەورۆز لەسەر ئەنجامە باشەکانی بەردەوامە و ئەمڕۆ لە ئەمانەی پێشەنگی خولەکەی بردەوە.

لە یارییەکانی گەڕی شازدە لە خولی تۆپی پێی لاوانی یانە پلە نایابەکانی عێراق و لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی یەکەم، لاوانی یانه‌ی نه‌ورۆز لە یاریگەی زانکۆ به‌ ئه‌نجامی 3-0 گۆڵ له‌ لاوانی یانه‌ی ئەمانەی شاری بەغدای برده‌وه‌.

یاریزانانی یانەکەی سلێمانی له‌ گێمی یه‌كه‌مدا کۆنترۆڵی یارییه‌كه‌یان کرد و لە خولەکەکانی 16 و 45 لە رێگەی سەهەند هەڵگورد و ساڵح سالمەوە دوو گۆڵیان تۆمار كرد.

له‌ گێمی دووه‌مدا یانەی ئەمانەی پێشەنگی کۆمەڵەکە، هەوڵی گۆرینی ئەنجامەکەی دەدا، بەڵام چالاک سەرکەوت لە خولەکی 60 گۆڵ سێیەمیشی بۆ نه‌ورۆز تۆمارکرد و سه‌ركه‌وتنی بۆ تیپه‌كه‌ی مسۆگه‌ر كرد.

کامەران عەلی راهێنەری یانەی نەورۆز، له‌ دوای یارییه‌كه‌ بۆ تۆڕی 964 وتی، ماوەیەکی زۆرە خۆیان بۆ ئەم یارییە گرنگە ئامادەکردبوو، چونكه‌ ئەمانە تیپێکی بەهێزه‌ و پێشەنگی کۆمەڵەکەیه‌.

بەم بردنەوەیە کۆی خاڵەکانی لاوانی نەورۆز بۆ 23 خاڵ بەرزبووەوه‌ و بە شێوەیەکی کاتی بۆ پله‌ی سێیه‌می كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م سه‌ركه‌وت، یانەی ئەمانەش سەرەرای شکستەکەی، بەڵام بە کۆی 30 خاڵ پارێزگاری لە پێشەنگی کۆمەڵەی یەکەمی خولەکە کرد.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا