باوکێک دوو کچەکەی فێری مەلەوانی دەکات
+964
هونەر فارس – گەرمیان
لە بەرزاییەکی زۆرەوە خۆیان فڕێدەدەنە ناو مەلەوانگەیەکی شەش مەتری.
ئاڵێ و ئێلا، دوو خوشکی تەمەن پێنج ساڵ و نۆ ساڵانن، هێندە ئارەزویان لە مەلەکردنە هەفتانە دووجار لەگەڵ باوکیاندا دەچنە مەلەوانگە و تا تەواو شەکەت نەبن مەلەوانگەکە جێناهێڵن.
ئارەزووی ئەم دو خوشکە بۆ مەلەکردن وایکردوە باوکیان هەر لە تەمەنی دوو ساڵیەوە بیانباتە مەلەوانگە و فێری زۆر شێوازی جیاوازی مەلەکردن بوون.
هەژار باوکی ئەم دوو کچە مەلەزانە، بۆ خۆیشی مەلەوانێکی باشە، ئەو هیچ جیاوازیەک لەنێوان کوڕەکەی و کچەکانیدا نابینێت و هانی باوکان دەدات پاڵپشتی حەزو و خولیای کچەکانیان بن.
گەرماکەی کەلار تاقەت پڕوکێنە، بۆیە هەر وەرزی گەرما هات مەلەوانگەکان پڕ دەبن لەو خەڵکەی بۆ خۆ فێنککردنەوە رووی تێدەکەن، ئاڵێ و ئێلا و باوکیشیان هەم خۆیان لە گەرماکە دەرباز دەکەن و هەم راهێنانێکی باشیش دەکەن.