لە هەر تۆنێک 450 هەزاریان زهرهره
شەوانە گەنم لە شارەزوورەوە بۆ عێراق دەڕوا
964+
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی
لە دەشتی شارەزوور و سەیدسادق کڕینەوەی گەنمی جووتیاران لە دەرەوەی سایلۆ دەستیپێکردووە، کڕیاری سەرەکیشیان بازرگانە عەرەبەکانن.
یەک کیلۆ گەنم لە نێوان 400 دینار بۆ 600 دینار و بە پێی بڕشتی گەنمەکە لە بازاڕدا دەکڕدرێتەوە، تەنیا ئەمساڵ بۆ حەوزەی شارەزوور و دەوروبەری نزیکەی 50 هەزار تۆن دانرا، بەڵام بە پێی قسەی نوێنەری جووتیارەکان بێت، بڕشتیان نزیکەی 250 هەزار تۆن بووە.
لە سایلۆ یەک تۆن گەنم بە 850 هەزار دینار لە جووتیاران وەردەگیرا، بەڵام ئێستا لە بازاڕدا یەک تۆن بە 127 هەزار و بەپێی رێکەوتنی جووتیار و کڕیار لە بازاڕدا دەکڕدرێتەوە، سامان وتی “بۆ هەر تۆنێک، جووتیار 450 هەزار زیادنمەند دەبێت”.
سامان حوسێن، نوێنەری جووتیارانی دەشتی شارەزوور ئەمرۆ سێشەممە 13.6.2023 بە 964ـی وت، لێرە بازرگانەکان بە بارهەڵگر گەنم لە جووتیاران دەکڕنەوە و دەیبەنە کەلار و کەرکوک و لەوێشەوە دەبرێتە ناوچە عێراقییەکان.
بەوتەی ئەو “بەهۆی ئەوەی شارەزوور سنووری بە شارە عێراقییەکانەوە نییە، فرۆشتنەوەی لە بازاڕدا زیادی کردووە”.
لە دەشتی شارەزوور بۆ هەر دۆنمێک زەوی 175 کیلۆ گەنم لە سایلۆ وەردەگیرێت، بە وتەی سامان بێت، جووتیارەکانی ئەو دەشتە لە سایەی خاکە بەپیتەکەیدا هەر دۆنمێک زیاتر لە یەک تۆن بڕشتی هەبووە، بۆیە گەنمی ماوە بە هەزاران تۆنە و بە ناچاری شەوان دوو بۆ سێ هەزار تۆن گەنم لە شارەزوورەوە بەرەو عێراق دەڕوا.
ئەو نوێنەرەیان باسی لەوەش کرد، ئەوانەی گەنمەکان دەکڕنەوە زۆرینەیان بازرگانی عەرەبن، یان کوردیش بن سەری رمەکەیان عەرەبە و دانیشتووی ناوچەکانی کەرکوک و دووزن، بەمەش داهاتی گەنمی شارەزوور بەرەو عیراق دەبڕێ.
پێداچوونهوه: فهرهاد حهسهن