نەخۆشێک بە گومانی تای خوێنبەربوون لە سۆرانەوە نێردراوەتە هەولێر
964+
ئاسۆ وەرتی – سۆران
ئەمڕۆ سێشەممە، لە قەزای سۆران نەخۆشێک بە گوومانی تووشبوونی بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون رەوانەی هەولێر کرا
بەپێی زانیاریەکانی 964 “ئەمڕۆ له سنوری ناحیەی خەلیفان هاوڵاتیەک سەردانی نەخۆشخانەی ئاشتی سۆرانی کردووە دوای پشکنینە سەرەتاییەکان گومانی نەخۆشییەکەی لێکراوە، رەوانەی نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر کراوە بە مەبەستی پشکنین بۆ نەخۆشەکە ، تاوەکو ئێستا پشکنینەکە دەرنەچووە بۆ پشت راستکردنەوە نەخۆشییەکە.
دکتۆر جەواد مەهدی، بەڕێوەبەری سەنتەری کۆنترۆڵی نەخۆشیە گوازراوەکانی سۆران بە 964ـی راگەیاند، ئەمڕۆ حاڵەتێک هەبوو کە گومان دەکرا نەخۆشی تای خوێنبەربوونی هەبێت بۆ دڵنیایی و چارەسەر روانەی شاری هەولێرکراوە.
وتیشی، لەکاتی زۆربوونی حاڵەتەکان جێگەی تایبەت و هۆڵی پێشوازییان لە سەنتەرەکەیان ئامادە کردووە، رۆژانەش لەگەڵ بنکەی ڤێتێرنەری سۆران سەردانی کوشتارگەی سۆران دەکەن، بەردەوام پشکنین دەکەن بۆ ئەوئاژەڵانەی سەردەبڕدرێن.
“لەگەڵ نزیک بوونەوەی جەژنی قوربان مەترسییەکان زیاتر دەبن، بەهۆی سەربڕینی ئاژەڵ لەلایەن هاوڵاتیان بە مەبەستی قوربانی کردن، بۆیە هەفتەی داهاتوو سمینارێک بۆ قەسابەکانی ئیدارەی سۆران ئەنجام دەدەین بەمەبەستی وشیارکردنەوەی هاوڵاتیان لە نەخوشییەکە” دکتۆر جەواد وای وت.
لە دوو هەفتەی رابردوودا، نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بڵاوبووەتەوە، تا ئێستا کەسێک لە سۆران، یەکێک لە هەولێر و یەکێکی دیکە لە کەرکوک بەو نەخۆشییە گیانیان لەدەستداوە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی