رێكخراوێك منداڵانی بەهرەمەند و سه‌رشه‌قامى كۆكرده‌وه‌

964+

شۆڕش هەرکی – هەولێر

ئه‌مڕۆ 12.6.2023 رۆژى جیهانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى منداڵانى كارپێكر له‌ جیهاندا، رێكخراوێك له‌ هه‌ولێر منداڵانى كارپێكه‌رى سه‌رشه‌قامه‌كان و منداڵانى خاوه‌نكار و به‌هره‌دارى به‌یه‌كه‌وه‌ كۆكردنه‌وه‌.

ئومێد بەرزنجی ، سەرپەرشتیاری رێکخراوی رێپاک كه‌ چالاكیه‌كه‌ى رێكخستبوو، بە964ـی وت، هەمووسالێک لەم رۆژەدا، منداڵانی سەرشەقام بە خوێندن و رەنگکردن و شاد دەکەنەوە، وتیشی “بۆ ئەمساڵیش کۆمەڵێک منداڵی ئیشکەری ناو بازار و چەند منداڵێکیش کە لەگەل خێزانەکانیان کاردەکەن، بەنووسین و رەنگاوڕەنگکردن و دیاری بەخشین کۆمانکردنەوە”.

چەتۆ ئیبراهیم و لەنیا فاخیر، دوو نمونە بوون، له‌و منداڵه‌ خاوه‌نكار و به‌هره‌مه‌ندانه‌، كه‌ یه‌كه‌میان له‌گه‌ڵ باوكى كارده‌كات و دووه‌میشیان بچووکترین ئەسپسواری کوردستانە.

به‌پێی نوێترین ئامار كه‌ ئه‌مڕۆ 964 له‌ وه‌زاره‌تى كار و كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى هه‌رێمی كوردستان وه‌ریگرتووه‌، ژماره‌ى منداڵانى كارپێكه‌ر له‌هه‌رێمى كوردستاندا، سێ هەزار و 523 منداڵه‌.

لە پارێزگای هەولێر به‌ ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى سۆرانیشه‌وه‌ 1007 منداڵى كارپێكه‌ر هه‌ن.

لە سلێمانی به‌هه‌ردوو ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكانى گه‌رمیان و راپه‌ڕین 1342 منداڵ و لە پارێزگای دهۆكیش به‌ ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى زاخۆوه‌ 1050 منداڵ و لە پارێزگای هەڵەبجەش تەنیا 124 منداڵی كارپێكەر تۆماركراون.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن