ئەمشەو دەنگ بە تەواوی بودجە دەدرێت
“حەلبووسی بەڵێنیداوە بڕگەی پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەران بخوێندرێتەوە”
964+
فەرمان سادق
بۆ رۆژی چوارەم دانیشتنەکانی پەرلەمان لەسەر دەنگدان بە بودجە بەردەوامی هەیە و ئەگەری زۆرە ئەمشەو دەنگ بە تەواوی بودجە بدرێت.
دانیشتی ئێوارەی ئەمڕۆ، دوو بەش بوو، لە بەشی یەکەمیدا کە کاتژمێر 7:43 خولەک بە خوێندنەوەی مادەی 43 دەستیپێکرد، هەر زوو ئەو مادەیە دواخرا و دواتریش مادەکانی 44، 45، 46، 47، 48، 49، 51، 52، 53، 54، 55، 56، 57، 58، 59، 60، 61، 62، 63 دەنگی پێدرا و مادی 50 هاوشانی مادەی 43 دواخرا.
کاتژمێر 8:47 خولەک بۆ ماوەی نیو کاتژمێر دانیشتنەکەی پەرلەمان هەڵگیرا، بەڵام کاتژمێر 11:06 خولەکی شەو دانیشتنەکە دەستیپێکردەوە و مادەکانی 65، 66، 67، 68 دەنگیان پێدرا و مادەی 64 رەتکراویەوە.
لە ئێستادا پەرلەمانی عێراق گەڕاوەتەوە سەر مادەکانی 15، 16، 17، 18 بۆ دەنگدان پێیان دوای ئەوەی لە رۆژی یەکەمدا بەهۆی ناکۆکییەوە دواخران.
هاوشانی ئەوا چوار مادەیە، هەر ئەمشەو بڕیارە مادەکانی 41، 42، 43 بخرێنە ناو گفتوگۆکان بۆ دەنگدان لەسەریان.
هاوشانی ئەو حەوت مادەیە کە بەهۆی ناکۆکی لایەنە سیاسییەکان دواخرابوون، بڕگەی پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش لەناو ئەو بڕگە و مادانە دایە کە ناکۆکیان لەسەرە.
هاوکات پەرلەمانی عێراق دەنگی بە بودجەی پەرلەمان و بودجەی دەسەڵاتی دادوەریش داوە.
اکروان یاروەیس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە 964ـی وت، محەمەد حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمان بەڵێنیداوە کە لە دانیشتنی ئەمشەودا بڕگەی پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەران بخوێندرێتەوە.
دەشڵێت: هەوڵەکان بۆ ئەوەیە ئەمشەو تەواوی بودجە دەنگی پێبدرێت.