"نزیکەی 100 مەلیکە گیراون"
ئاسایشی سلێمانی دەست بەسەر ئۆتۆمبێلی مەلیکەدا دەگرێت
964+
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
ماوەی چەند رۆژێکە هەر ئۆتۆمبێلێکی تۆیۆتا کراون، کە بە مەلیکە ناسراون و سەرەتایان نییە، لە بازگەکانی دەرەوەی شاری سلێمانیدا دەستیانبەسەردا دەگیرێت.
ئاسایشی سلێمانی دەستبەسەرداگرتنەکە ئەنجامدەدات و دواتر ئۆتۆمبێلەکان رادەستی بەڕێوەبەرایەتیی ھاتوچۆی سلێمانی دەکات.
عەقید سەلام عەبدولخالق، وتەبێژی ئاسایشی سلێمانی ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی 964ی راگەیاند، ئێستا تەنیا ئۆتۆمبێلی جۆری مەلیکە دەستیانبەسەردا دەگیرێت و ھیچ ئامارێک لەبەردەستدا نییە، کە چەند دانە گیراون.
بەڵام، ئومێد کوردی، نوێنەری ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان دەڵێت، نزیکەی 100 ئۆتۆمبێل گیراون و لە رۆژی پێنجشەممەوە ئەم هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنە دەستیپێکردووە.
ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، ئەو ئۆتۆمبێلانە لە پێشتردا بڕیاری دەستبەسەرداگرتنیان ھەبووە و جێبەجێنەکراوە، ئێستا کاتێک دەچنە بازگەکان دەستیانبەسەردا دەگیرێت، لە ھەر شوێنێکی دیکەشدا بن دەگیرێن.
رائید بەھمەن عەبدوڵا، وتەبێژی ھاتوچۆی سلێمانی بە 964ی راگەیاند، ھیچ بڕیارێکی نوێ لە بارەی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکانەوە لەلایەن ھاتوچۆوە نییە، ھیچ ئۆتۆمبێلێکش لەلای ئەوانەوە دەستیبەسەردا نەگیراوە.
پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر