تازەپێگەیشتوانی پێشمەرگە ئامادەیە بۆ خولی عێراق

964+

یادگار محەمەد – سلێمانی

لە یارییەکی دۆستانەی ئامادەکاری، تیپی تۆپی پێی تازەپێگەیشتوانی یانەی پێشمەرگە لە هەولێری بردەوە.

بەمەبەستی ئامادەکاری بۆ وەرزی نوێی خولی تازەپێگەیشتوانی عێراق، لە یاریگای فەرماندەیی لە سلێمانی تازەپێگەیشتوانی پێشمەرگە لە یارییەکی دۆستانەدا میوانداری یانەی هەولێری کرد، لە یارییەکی ئاست بەرزدا یانەی پێشمەرگە بە ئەنجامی چوار گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ یارییەکەی بردەوە.

سۆران سەلیم راهێنەری پێشمەرگە بە 964ـی راگەیاند، دروستکردنی تیپ لە ئاستی تازەپێگەیشتوان ئەرکێکی یەکجار قورسە، چونکە سەرەتای دەستپێکی یاری کردنیانە، هەربۆیە هەموو کات ئەوان وەک دەستەی راهێنەران بە دوای گەنجی بەهرەمەندا دەگەڕێن تاوەکو تیپێکی ئاست بەرزیان لێ پێکبهێنن.

وتیشی، بۆ رکابەرییەکانی وەرزی ئەمساڵی خولی عێراق، تیپەکەیان ماوەیەکی زۆرە ئامادەکاری دەکات و لەو پێناوەشدا چەندین یاری دۆستانەی ئەنجامداوە.

هەرچەندە تا ئێستا وادەی دەستپێکی خولەکە دیاری نەکراوە، بەڵام بۆ رکابەرییەکانی ئەم وەرزەی خولی یانە پلە یەکەکانی عێراق، تازەپێگەیشتوانی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی، شان بە شانی هەریەک لە یانەکانی دیفاع مەدەنی، مینا، حسێن، سەناعات کارەبایی، دیالە، سامەرا، ئەمانەی بەغدا، سەماوە و مرور یاری دەکات، یەکەم رووبەڕووبونەوەی پێشمەرگەش بەرامبەر بە یانەی دیالە دەبێت.

پێداچوونەوە: توانا نەقی