128 خاڵیان کۆکردووەتەوە
سلێمانی لە پاڵەوانێتی لەشجوانیدا یەکەمی بەدەستهێنا
+964
شیراز عەبدوڵا
لە پاڵەوانیەتی لەشجوانی هەڵبژاردەی شارەکانی هەرێمی کوردستان و شارەکانی باکووری عێراق، هەڵبژاردەی سلێمانی بە کۆکردنەوەی 128 خاڵ پلەی یەکەمی بەدەستهێنا .
پاڵەوانیەتییەکە لە هۆڵی میدیای هەولێر ئەمڕۆ هەینی، بە بەشداری سەدان یاریزانی لەشجوانی کە لە پارێزگاکانی هەڵەبجە، کەرکوک، موسڵ، دیالە، سەڵاحەدین، هەولێر و سلێمانی هاتبوون بەڕێوەچوو، یاریزانانی هەڵبژاردەی سلێمانی، بە نمایشی سەرنجڕاکێش باڵادەستی خۆیان لە پاڵەوانیەتییەکە نواند .
بەهمەن بەکر، راهێنەری هەڵبژاردەی یاریزانانی لەشجوانی سلێمانی بە 964ـی وت، “دوای ئاگادارکردنەوەمان نزیکەی مانگێک راهێنانمانکرد، رۆژانە یاریزانەکان لە هۆڵ وەرزشیان دەکرد و خۆیان بۆ پاڵەوانیەتییەکە ئامادەکرد”.
کێشی 60 تاوەکو 100 کیلۆگرام بۆ پاڵەوانیەتییەکە دیاریکرابوو، هەڵبژاردەی سلێمانی بە 10 یاریزان بەشداریکرد، لە کێشی 60، 65، 75 و 80 کیلۆگرام یاریزانانی سلێمانی پلەی یەکەمیان بەدەستهێنا .
لە کێشی 85 کیلۆگرام یاریزان ئەحمەد عارف لە هەڵبژاردەی هەولێر پلەی یەکەمی بەدەستهێنا، لە کێشی 100 کیلۆگرام یاریزانی لەشڕێکی فیراس سەباح لە هەڵبژاردەی سەڵاحەدین پلەی یەکەمی بردەوە .
ئەمساڵ پاڵەوانیەتی لەشجوانی لەلایەن یەکێتی لەشجوانی و لێهاتووی جەستەیی عێراق، بە هاوبەشی لەگەڵ لقی هەولێری یەکێتی لەشجوانی کوردستان بەڕێوەچوو.
پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر