دانیشتنی پەرلەمانی بۆ 11ی شەو دواخرا
ئێستا.. لیژنەی دارایی بە سەرۆکایەتی حەلبووسی لە کۆبوونەوە دایە
964+
كوردستان ئەحمەد
ئێستا لیژنەی دارایی بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان و هەردوو جێگرەکەی لە کۆبوونەوە دان.
بڕیاربوو کاتژمێر 1ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە كۆببێتەوە، بەڵام بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکان کۆبوونەوەکە بۆ كاتژمێر 11ی ئەمشەو دواخراوە.
لە كاتژمێر 7 تاوەکو 9ـی ئەم ئێوارەیە سەرۆكی زۆربەی فراكسیۆنە كوردییەكان لە كۆبوونەوە بوون بۆ ئەوەی یەكدەنگ بن لەسەر ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە.
جەمال كۆچەر، پەرلەمانتاری لژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رایگەیاند، “دیارنییە چارەنووسی دانیشتنەکە چی بەسەردێت، بەڵام دواخراوە”.
لە پرۆژەکەدا، بودجەی سێ ساڵی داهاتوو بە بڕی نزیکەی 200 ترلیۆن دینار دیاریکراوە. ئەوە گەورەترین بودجەیە لە مێژووی عێراقدا کە نێردرابێتە پەرلەمان.
پشکی هەرێمی کوردستان چەندە؟
پشکی هەرێمی کوردستان بە رێژەی سەدا 12.67 دیاریکراوە لە کۆی بودجەی عێراق، کە دەکاتە نزیکەی 16 ترلیۆن دینار بۆ سێ ساڵی داهاتوو.
حکومەتی عێراق کاتێک ئەو پشکە دەنێرێت کە حکومەتی هەرێمی کوردستان داهاتی نەوتی رادەست بکات، مانگی رابردوو هەردوولا لەسەری رێکەوتن.
نرخی نەوت بە چەند دانراوە لە بودجەدا؟
لە پرۆژەکەدا نرخی یەک بەرمیل نەوت بە 70 دۆلار دیاریکراوە.
لەوبارەیەوە، پێشتر جەمال کۆچەر بۆ 964ی باسکردووە، نرخی نەوت لە بودجە دەستکاری ناکرێت، چونکە ئەگەر هەر دەستکارییەک بکرێت “دەمانگەڕێنێتەوە بۆ خاڵی سفر”.
بە وتەی ئەو، ئەگەر نرخی نەوت زیاتر دابەزێت و کۆی گشتی داهات کەمتر بێت لەوەی دیاریکراوە، ئەوا کار لە بودجەی هەرێمیش دەکات و رێژەی ئەو پارەیەی دەنێردرێت کەمدەبێتەوە، بەڵام پشکی 12.67 جێگیرە و دەستکاری ناکرێت.
ئەی ئەگەر پەرلەمان نەیتوانی بە زووی پەسەندی بکات؟
بە سۆراغی 964، ئەگەر پەرلەمان بە زووی پرۆژە یاساکە پەسەند نەکات، ئەوا پەرلەمانی عێراق لەم دوو مانگەی پشووی هاوینەیدا بەردەوام دەبێت لە کۆبوونەوە بە ئامانجی پەسەندکردن.
لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی عێراقدا، ماوەی نێوان 1ی حوزەیران تاوەکو 1ی ئابی هەموو ساڵێک وەکو پشووی هاوینە دیاریکراوە.