لە ئەسفەهانەوە چوونە سەر لوتكەی هەڵگورد
+964
كوردستان ئەحمەد
دوو یانەی شاخەوانی لە شاری ئەسفەهانەوە بەهاوكاری فیدراسۆنی شاخەوانی كوردستان سەردانی لوتكەی هەڵگوردیان كرد.
ھەردوو یانەی شاخەوانی(فەردان) و ( همدلان رها)ی شاری ئیسفەھان، بە ھەماھەنگی لەگەڵ فیدراسیۆنی شاخەوانی کوردستان و دامودەزگاکانی میری لە ھەرێمی کوردستان، توانییان بگەنە لوتکەی ھەڵگورد.
“جەوھەر ھەرکی” بەرپرسی “گرووپى شاخەوانیی بوزی سینا”ی شاری شنۆ لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان کە ھاوکات ڕێبەری ئەو گەشتەی دوو تیمە ئێرانییەکە بووە بۆ چیای ھەڵگورد، قسەس بۆ میدیاكان كرد وتی، ئامانج لە ڕێکخستنی ئەو گەشتە، ئاشناکردنی گرووپەکانی شاخەوانی ئێرانە بۆ لوتکە شاخەکانی ھەرێمی کوردستان و ناساندنی ڕەوتی شاخەوانی و کولتوور و فەرھەنگی ھەرێمەکەمانە بە شاخەوانان و گەشتیارانی بیانی.
ناوبراو وتیشی، ھاتووچۆی شاخەوانان لە ئێرانەوە بۆ ھەرێم و بە پێچەوانەشەوە، دەبێتە ھۆی یەکتر ناسین و ئاڵوگۆڕی کولتووریی و ھەروەھا گۆڕینەوەی ئەزموون و شارەزایی بواری شاخەوانی لەنێوان ھەردوولادا”.
لەدوای تەواوبوونی سەرکەوتن بۆسەر لوتکەی ھەڵگورد، ھەردوو يانه شاخەوانییەکەی شاری ئیسفەھان، سەردانی شاری ھەولێریان کرد
ڕێزلێنانی فیدراسیۆن بەسەر بەشداربووانی ئەو گەشتەدا دابەشکرا.
ھەروەھا لەلایەن خۆشیەوە “عەلی ڕەزا جەمشیدیان” بەرپرسی “یانەی شاخەوانی ڕەھا”ی شاری ئیسفەھان کە هاوکات دامەزرێنەری ئەو یانەیەشە، لەلێدوانێکدا خۆشحاڵی خۆی بۆ ھەرێمی کوردستان دەربڕی و ڕایگەیاند، ھەرێمی کوردستان شاخی جوان و بەرزی ھەیە کە دەکرێ ببنە جێی سەرنجی شاخەوانانی بیانی و سپاسی فیدراسیۆنی شاخەوانی کوردستان و دەزگا ئەمنییەکانی ھەرێمی کرد کە بۆ ئەو سەرکەوتنەیان ھەموو چەشنە ھاوکارییەکیان پێشکەش کردوون.
وابڕیارە چەند گروپێكی دیكەی ئێران سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن و لەگەڵ تیمەكانی هەرێمی كوردستان سەردانی چەند چیایەكی دیكە بكەن.