ماتۆڕی ئاودانی باخچەکە تێکچووە
بەھۆی ئاو نەدانیەوە چیمەنی باخچەیەک لە کەلار وشک بووە
+964
میلاد جەلال – کەلار
باخچەیەک لەسەر شەقامی گەڕەکی شارەوانی کەلار لە تەنیشت باخچەی ساوایانی پەپولە بەھۆی ئاو نەدانیەوە بەشێکی زۆری چیمەنەکەی وشک بووە.
دانیشتووانی نزیک باخچەکە دەڵێن نزیکەی 15 رۆژە چیمەنی ئەو باخچەیە ئاو نەدراوە، لەبەرامبەردا بەرپرسی بەشی باخچەکان دەڵێت تەنیا سێ رۆژە ئاو نەدراوە.
باخچەکە چەند سەد مەترێک دوورە لە بینای شارەوانی کەلارەوە.
شڤان ساڵح، یەکێکە لەو گەنجانەی کە ھەموو ئێوارانێک سەردانی باخچەکە دەکات، ئەو بە 964ى وت، “نزیکەی 15 رۆژە چیمەنی باخچەکە ئاو نەدراوە، بەشێکی زۆری زەرد و وشک بووە، چەند رۆژێکە خۆم ئاوی دەدەم”.
بەڵام ئارام نەجمەدین، بەرپرسی بەشی باخچەکان لە شارەوانی کەلار بە 964ى راگەیاند، “تەنھا نزیکەی سێ رۆژە ئەو باخچەیە ئاو نەدراوە، ئەویش بەھۆی ئەوەی ماتۆڕی ئەو بیرەی بۆ ئاودانی باخچەکە بەکاردێت، تێکچووە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ھەوڵدەدەن بەزووترین کات ماتۆڕی ئەو بیرە چاکبکەنەوە بۆ ئەوەی ئاو بگات باخچەکە.
لە کەلار نزیکەی 65 باخچە هەن، ھاوڵاتیان و گەنجان بەمەبەستی وەرگرتنی پشوو و بەسەربردنی کاتەکانیان روویانتێدەکەن.
پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر