پۆلیس: گەنجەکەی قەڵادزێ لەلایەن دوو هاوڕێی خۆیەوە کوژراوە
964+
ژووری هەواڵ
ئەمڕۆ دوو کەس لەلایەن ئاسایشی قەزای ماوەت دەستگیرکراون بە تۆمەتی کوشتنی گەنجەکەی قەڵادزێ کە چەند شەوێک لەمەوبەر لەبەردەم کافتریاکەیدا بەر چەقۆ درا.
پۆلیسی راپەڕین دەڵێت، ئەو دوو کەسەی دەستگیرکراون هاوڕێی گەنجە کوژراوەکەن.
پێشتر سەرچاوەیەک لە پۆلیسی راپەڕین بە 964ی وت، شەوی 4.6.2023، گەنجەکە لە دوای داخستنی کافتریاکەی لەگەڵ دوو کەس بووەتە دەمەقاڵەیان و بە چەقۆ بریندارکراوە، دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانەی گشتی قەڵادزێ و وەرگرتنی چارەسەری سەرەتایی، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە رەوانە دەکرێت بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی بەڵام لە رێگادا لە قەزای دوکان گیان لەدەستدەدات.
گەنجەکە تەمەنی 21 ساڵ بوو، وا باس دەکرێت کە خەریکی کاروکاسبی خۆی بووبێت.
پۆلیسی راپەڕین دانپێدانانی تۆمەتبارەکانی بڵاونەکردووەتەوە بەوەی ئایا هۆکاری ناکۆکییەکەیان لەسەر چی بووە، بەڵام دەڵێت بە مادەی 405ی یاسای سزادانی عێراق گیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.