ماست و بەرهەمی شیرەمەنی دەشتی هەولێر نمایشکران
964+
توانا نەقی
لە دەشتی هەولێر فێستیڤاڵی بەرهەمە شیرەمەنییەکان بۆ جوتیاران و گوندنیشینانی سنوورەکە بەڕێوەچوو.
ئەمڕۆ چوارشەممە، بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی دەشتی هەولێر، بە مەبەستی پشتگیری کردن لە بەرهەمی خۆماڵی و هاندانی جوتیاران ئەو فێستیڤاڵەی ئەنجامداوە.
لە فێستیڤاڵەکەدا چەندین بەرهەمی کشتوکاڵی و شیرەمەنی جوتیارانی ناوچەکە نمایشکران و بەتایبەت ماست.
لە پارێزگای هەولێر ماست تایبەتمەندی و ناوو ناوبانگێکی زۆری هەیە بەتایبەت ئەو ماستەی کە لە دەشتی هەولێرەوە بەرهەم دەهێنرێت.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، پاڵپشتی تەواوی بەرهەمە خۆماڵییەکان و کەرتی کشتوکاڵ و جوتیاران دەکەن بۆ زیاتر برەودان بە بەرهەمی خۆماڵی.
قەزای دەشتی هەولێر لە ناحیەکانی دارەتوو، قوشتەپە و کەسنەزان پێکهاتووە، هەروەها چەندین گوندیش لە خۆدەگرێت و ژمارەی دانیشتوانەکەشی زیاترە لە 200 هەزار کەس.