ئه‌مساڵیش بنكه‌ى وه‌رگرتنى دانه‌وێڵه‌ى كۆیه‌ی نه‌كرايه‌وه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

بوو به‌ شه‌ش ساڵ بنکەی وەرگرتنى گەنم لە کۆیە داخراوە و حکومەتى عێراق به‌ هۆكارى جیاجیاوه‌ نایکاتەوە، كشتوكاڵى كۆیه‌ش ده‌ڵێت، جوتیاران ئه‌مساڵیش به‌رهه‌مه‌كانیان ده‌به‌نه‌وه‌ ده‌ره‌وه‌ى‌ كۆیه‌.

بنكەی وەرگرتنی گەنمی كۆیە لە ساڵی 2013 كرایەوە، جێگەی 40 هەزار تۆن گەنمی هەیە، لە ساڵی 2017ـه‌وە بە بیانووی وشكەساڵی و کەمیی بەروبووم، داخرا.

رۆژى 27.4.2023 شاندێكی وەزارەتی بازرگانی عێراق، سەردانی بنکەی وەرگرتنی دانەوێڵەى ئه‌و قه‌زایه‌یان كرد و له‌ كه‌موكوڕییه‌كانى ئه‌و بنكه‌یه‌یان پێچایه‌وه‌.

ئه‌وكات، تاریق جه‌لال، قایمقامی قه‌زاى كۆیه‌ بۆ 964 ئاماژه‌ى به‌وه‌ كردبوو، بۆ كێشه‌ و كه‌موكوڕیه‌كانى بنكه‌كه‌،‌ ده‌مێكه‌ ده‌رخسته‌یان بۆ سه‌رووى خۆیان به‌رزكردووه‌ته‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى.

یوسف سه‌لیم به‌ڕێوه‌به‌رى فه‌رمانگه‌ى كشتوكاڵى كۆیه‌، به‌ 964ـى وت، جوتیارانى كۆیه‌ ئه‌مساڵیش ناتوانن به‌رهه‌مى گه‌نمه‌كانیان له‌ بنكه‌ى وه‌رگرتنى دانه‌وێڵه‌ى كۆیه‌ دابنێن، چونكه‌ ئه‌مساڵیش نه‌كراوه‌ته‌وه‌.

وتیشی “به‌پێی بڕیارێكی وه‌زاره‌تى كشتوكاڵى هه‌رێم و عێراق جوتیاران بۆیان هه‌یه‌ له‌ هه‌ر شوێنێك سایلۆ و بنكه‌ى وه‌رگرتنى دانه‌وێڵه‌ هه‌بێت، گه‌نمه‌كانیان راده‌ست بكه‌ن”.

به‌ڕێوه‌به‌رى كشتوكاڵ ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، له‌رێگه‌ى قایمقامییه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌یان زانیوه‌ كه‌ هۆكاری نه‌كردنه‌وه‌ى بنكه‌كه‌، گوایه‌ سه‌قفی نیه‌ و ئه‌گه‌ر باران ببارێت گه‌نمه‌كه‌ زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بێت.

به‌پێی زانیارییه‌كانى 964، ئه‌مساڵ لە سنووری قه‌زاى کۆیە زیاتر لە 200 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم داچێندراوە، پێشبینیش ده‌كرێت به‌رهه‌مى گه‌نم بگاته‌ 100 هەزار تۆن.