دوو ناوچەی پیشەسازی لە ئاکرێ و بەردەڕەش دروستدەکرێت

964+

زەید کۆچەر – دهۆک

دوو ناوچەی پیشەسازی نوێ لە هەردوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش دروست دەکرێت کە چەندین کارگەی تێدا دەبێت و چەندین هەلی کار بۆ گەنجانی ئەو دوو قەزایە دابین دەکات.

لە ئێستادا زەوی بۆ ئەو دوو ناوچە پیشەسازییە دابینکراوە.

کوردۆ ئیحسان، بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی دهۆک بۆ 964ی وتی، لەئێستادا شوێنمان بۆ ئەو دوو ناوچە پیشەسازییە دیاریکردووە و کە بڕیار دراوە لە هەردو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش دروست بکرێن.

وتیشی، ناوچەکان چەندین کارگەی تێدا دروستدەکرێت و سەدان هەلی کاریش بۆ گەنجان و هاوڵاتیانی ئەو قەزایانە دەڕەخسێنێت و ئامانج لە دروستکردنی ئەو کارگانەش بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆ و پێداویستی رۆژانەی هاوڵاتیانە.

دەشڵێت، چاوەڕێدەکەن حکومەت خۆی خزمەتگوزارییەکانی وەک ئاو، کارەبا و پێداویستی تریان بۆ دابین بکات.

ئەو کارگانەی دەکرێنەوە زیاتر بۆ کەرتی کشتوکاڵە و بەوپێیەی ئەو ناوچەیە کشتوکاڵی بەرێژەیەکی زۆر تیادا دەکرێت.

پێداچوونەوە: توانا نەقی