مۆڵه‌تى بیرى کشتوکاڵی به‌ جووتیارانى مه‌خمور ده‌درێت

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

هۆبەی کشتوکاڵی مەخمور، ده‌ڵێت مۆڵه‌ت به‌و جووتیارانه‌ ده‌ده‌ین، كه‌ پێشتر بیری کشتوکاڵیان لێداوه‌ و مۆڵه‌تیان نه‌بووه‌.

کشتوکاڵی مەخمور، ئاگاداری جوتیارانی سنووره‌كه‌ی ده‌كات، سه‌ردانیان بكه‌ن بۆ پێدانى مۆڵه‌تى بیر، كه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كانى عێراقه‌وه‌ پێیانده‌درێت.

سه‌لمان هاشم، به‌ڕێوه‌به‌رى هۆبه‌ى كشتوكاڵى مه‌خمور، به‌ 964ـى وت، پێویسته‌ جووتیارانى سنووره‌كه‌مان تا رێکەوتی 30.6.2023 سه‌ردانمان بكه‌ن، بۆ دەرهێنانی مۆڵەتی بیری کشتوکاڵی.

وتیشی “لە پلانی ئەمساڵدا نابێت هیچ زەوییەک بەبێ مۆڵەتی بیر لە پلانی کشتوکاڵی تۆمار بکرێت” .

به‌پێی ئه‌و مه‌رجانه‌ى كشتوكاڵى مه‌خمور بۆ تۆماركردنیان لە پلانی کشتوکاڵی ئه‌مساڵ بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، پێویسته‌ جووتیاران گرێبه‌ستى نوێى كشتوكاڵى و پشتگیرییه‌كانى هه‌بوونى ئاو و به‌كارهێنانى زه‌وى و نه‌خشه‌ى زه‌وییه‌كانیان هه‌بێت و له‌گه‌ڵ خۆیان بیهێنن بۆ وه‌رگرتنى مۆڵه‌تى بیرە كشتوكاڵییه‌كانیان.