“رێگای مەرگ ٤٤٪ی کارەکانی ماوە تەواو ببێت”
964+
توانا نەقی – هەولێر
نزیکەی نۆ ساڵە هاوڵاتیانی سنوری ئیدارەی گەرمیان چاوەڕوانی تەواوکردنی رێگای دوو سایدی کەلار – سلێمانین، بەڵام تاوەکو ئێستا تەواو نەکراوە و هێشتا ٤٤٪ی کارەکانی ماوە.
بەهۆی زۆری رووداوەکانی هاتوچۆ و گیانلەدەستدان و برینداربوونی ژمارەیەکی زۆری خەڵکی گەرمیان و پارێزگای سلێمانی بە گشتی، ئەو رێگایە لە لایەن خەڵکەوە ناونراوە “رێگای مەرگ”.
عەدنان خەلیل، بەڕێوەبەری رێگاوبانی گەرمیان بە 964+ی وت، لە ئێستادا کارکردن لە پرۆژەی دوو سایدی کەلار – سلێمانی بەردەوامە و تاوەکو ئێستا لە ٥٦٪ی کارەکانی تەواو بوون.
لەبارەی بڕی خەرجکردنی پارەی پرۆژەکەوە، عەدنان خەلیل باسی لەوەکرد، ١٤٠ ملیار دینار بۆ پرۆژەکە تەرخانکراوە، لە ئێستادا ٦٥ ملیار دیناریان پێویستە بۆ تەواوکردنی رێگاکە، لە بنەڕەتدا دەبێت هەفتانە پارەیان بۆ خەرج بکرێت، بەڵام هەندێک جار نادرێت بەهۆی موچە و نەبوونی پارە لە بانکەکاندا.
لە ساڵی ٢٠١٣ەوە دوو سایدکردنی رێگای کەلار – سلێمانی چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، لەو نۆ ساڵەدا، چەندین جار بودجە تەرخان کراوە بەڵام، رێگاکەی پێ تەواونەکراوە.