كشتوكاڵی گەرمیان: جووتیارەكان جاڕەگەنمەكانتان مەسوتێنن بیكێڵن

+964
كوردستان ئەحمەد
كشتوكاڵی گەرمیان دوا لە جووتیاران دەكات دوای دروێنەكردنی گەنم و جۆكانیان جاڕەكانیان نەسووتێنن، بەڵكو بیكێڵن.

بەشێك لە جووتیاران لە كوردستان وافێربوون كاتێك زەوییەكانیان دەكەن بە گەنم یان جۆ، پاش دروێنەكردن و كۆكردنەوەی پوش و پەڵاشەكەی، جاڕە گەنمەكە دەسووتێنن.

جاڕەگەنم بە شوێنی ئەو زەوییانە دەوترێت كە گەنم و جۆی لێدەكرێت و پاش دروێنەكردن پوش و پەڵاشێكی زۆری لێدەكەوێت، كە پەشماوەی گەنم و جۆ و لاستیك و گەڵای گەنمەكەیە.

بەڕێوبەرایەتیی كشتوكاڵی گەرمیان لە فەیسبووك پۆستێكی كردووە، داوا لە جووتیاران دەكات جاڕەگەنمەكان نەسووتێنن، چونكە ئەو كارە زەوییەكانیان پاكناكاتەوە بەڵكو زیانی زۆری هەیە، پێویستە لە بری ئەوەی بسووتێنرێت دەبێت بكێڵدرێت بۆ ئەوەی پڕۆتین و وزە و خەسڵەتەكانی گەنم و جۆكە تێكەڵ بە خاكەكە ببێت.

بە پێی ئامۆژگارییە كشتوكاڵییەكان، هەر زەوییەك ئەگەر ساڵێك كرا بە گەنم یان جۆ، باشترە ساڵی داهاتوو بكرێت بە نۆك، چونكە پڕۆتین و پاشماوە سوودبەخشەكانی گەنم و جۆ كاریگەریی لەسەر بەهێزیی نۆك هەیە و بە پێچەوانەشەوە پێویستە ئەو زەوییانەی كراوە بە نۆك، بكرێن بە جۆ یان گەنم.

ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستاندا زۆرترین زەوییە كشتوكاڵیەكان كراون بە گەنم و بەرهەمی ئەمساڵ یەكێكە لە باشترین جۆرەكان كە یەك و دە بەرهەمەكە بڕیویەتی و قازانجی بۆ جووتیارەكە هەبووە، حكومەتی عێراقیش هەر تۆنێك گەنم بە 810 هەزار دینار دەكرێت.