نوسینگەی شوفێری تایبەت بە کورتەباڵاکان. وێنە : 965
لەمەودوا کورتەباڵاکان دەتوانن لە نووسینگەی شۆفێری مۆڵەت دەربهێنن
964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
یەکەم نووسینگەی فێرکردن و دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری لە شاری سلێمانی، بەشێکی تایبەتی بە کورتەباڵاکان کردەوە.
نووسینگەکە ناوی ئارۆسە و ئۆتۆمبێلێکی تایبەتمەندی بۆ ئەو کورتەباڵایانە دابینکردووە، کە دەیانەوێت مۆڵەتی شۆفێری دەربهێنن.
عومەر جەبار، سەرۆکی کۆمەڵەی کورتەباڵاکانی کوردستان بە 964ی راگەیاند، “ئێستا ئێمە هاتووینەتە ناو کۆمەڵگەوە و بەبێ هیچ چاوپۆشییەک کورتەباڵاکان مۆڵەتی شۆفێری دەردەهێنن”.
پێشتر بە رێپێدانی هاتوچۆی سلێمانی دوو کورتەباڵا راهێنانیان بەوانی دیکە دەکرد و ئەفسەرێکیش بۆ تاقیکردنەوەی کردارەکی دەهاتە کۆمەڵەکەیان و مۆڵەتیان دەردەهێنا.
تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان 35 کورتەباڵا مۆڵەتی شۆفێریان هەیە
ئاکۆ محەمەد، خاوەنی نووسینگەی ئارۆس بۆ دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری بە 964ی وت، “ژنێکی کورتەباڵا هاتە لامان بۆ مۆڵەتی شۆفێری، بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆ هەموو کارەکانمان بۆ ئەنجام دا “.
ئاماژەی بەوەش دا، ئۆتۆمبێلەکەیان بۆ دەستکاری کردووە و کلاج و سکێتەری بەنزین و ئیستۆپی بۆ بەرز کردووەتەوە و لەمەودواش ئەو ئۆتۆمبێلە هەر تایبەت دەبێت بە کورتەباڵاکان و هەوڵیش دەدەن مامۆستا بۆ راهێنانی شۆفێری لە کورتەباڵاکان دروست بکەن.