ده‌یه‌وێت له‌ گوندێكه‌وه‌ ركابه‌ریى گۆشتفرۆشانى شار بكات

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

گەنجێک لە گوندی سەرکەڵەکی ناحیه‌ى تەقتەق، دوکانێکی گۆشتفرۆشی داناوە و دەڵێت، ئومێدی وایه‌ له‌ داهاتوو ركابه‌ریى گۆشتفرۆشی شاره‌كان بكات و له‌ ئێستاشه‌وه‌ كڕیارى له‌ شاره‌كاندا هه‌یه‌ و گۆشتیان بۆ ده‌نێرێت.

دانه‌ر ره‌شید رۆسته‌م، كه‌ به‌ دانه‌ر قه‌ساب ناسراوه‌،  له‌‌سه‌ر ئاستى گونده‌كه‌ى و ناحیه‌ى ته‌قته‌ق به‌ هه‌رزانترین نرخ گۆشت ده‌فرۆشێته‌ هاوڵاتیان.

دانه‌ر، به‌ 964ـى وت، ئه‌و كاره‌ى له‌ باپیر و باوكییه‌وه‌ بۆى ماوه‌ته‌وه‌، وتیشی “ئێستاش باوكم وه‌ك جه‌ره‌بچییه‌ك له‌ گونده‌كان ئاژه‌ڵ ده‌كڕێت و بۆم ده‌هێنێته‌ دوكان”.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات، ته‌نیا ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ سه‌رده‌بڕێت كه‌ له‌ سنوورى ناحیه‌ى ته‌قته‌قه‌وه‌ به‌خێوده‌كرێن، چونكه‌ ده‌ڵێت “ئه‌وانه‌ به‌ سروشتى به‌خێو ده‌كرێن و وه‌ك ئاژه‌ڵى مه‌یدانه‌كان ده‌رزى و پڕۆتینیان نادرێتێ بۆ قه‌ڵه‌وكردن”.

له‌ باره‌ى نرخیشه‌وه‌، دانه‌ر ده‌ڵێت، “یه‌ك كیلۆ گوشتى گوێره‌كه‌ به‌ 12 هه‌زار و 500 دینار و نه‌رمه‌كه‌شى به‌ 14 هه‌زار دیناره‌، كه‌ له‌ بازاڕدا به‌ گشتى نرخى ئه‌و جۆره‌ گوشته‌ له‌ 14 هه‌زار تا 17 هه‌زار دیناره‌”.

باس له‌وه‌ش ده‌كات، رۆژانه‌ له‌ رێگه‌ى تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ كڕیاره‌كانى داواى گۆشتى لێده‌كه‌ن بۆ ده‌ره‌وه‌ى گونده‌كه‌ى ده‌نێرێت، “رۆژانه‌ گۆشت بۆ كڕیاره‌كانمان بۆ شاره‌كانى هه‌ولێر، سلێمانى و كه‌ركوك ده‌نێرین”.

له‌ باره‌ى هۆكارى سه‌ره‌كیى هه‌رزانى نرخى گۆشته‌كه‌ى، دانه‌ر ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات كرێى دوكان و خه‌رجییه‌كانى مانگانه‌ى زۆر كه‌مه‌ و ده‌یه‌وێت به‌ به‌رده‌وامیش كه‌مترین قازانج بكات.

دانه‌ر ئه‌وه‌ ئاشكرا ده‌كات. “ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌تم بۆ بڕه‌خسێت و ئاژه‌ڵى پێویستم له‌به‌رده‌ستدا بێت، ئومێدم ئه‌وه‌یه‌ له‌ داهاتوویه‌كى نزیكدا ركابه‌ریى ته‌واوى بازاڕى گۆشتفرۆشان له‌ شاره‌كاندا بكه‌م”.

گوندى سه‌ركه‌ڵه‌ك سه‌ر به‌ ناحیه‌ى ته‌قته‌قى سنوورى قه‌زاى كۆیه‌یه‌، له‌ سنووره‌كه‌یدا 300 ماڵ هه‌ن و نزیكترین گونده‌ له‌ ناوه‌ندى ناحیه‌ى ته‌قته‌قه‌وه‌.