هەندێک شەقامی هەولێر بۆ کەسانی نابینا خۆش دەکرێن

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

لە بەشێک لە شەقامەکانی هەولێر شوێنی تایبەت بە هاتوچۆی نابینایان دروستدەکرێت و شارەوانی دەڵێت سەرەتا لە سەنتەری شارەوە دەستپێدەکەن.

شارەوانی هەولێر، ئەمڕۆ هەینی لە فەیسبووک رایگەیاند، لە مانگی داهاتووەوە لە گشت پرۆژەکانی شارەوانی و شەقامەکان رەچاوی پێداویستییەکانی هاتوچۆ بۆ کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەکرێت.

شوێنی هاتوچۆی تایبەت بە کەسانی نابینا، بریتییە لە رێرەوێکی باریکی رەنگ زەرد و زبر، لە ناوەڕاستی شەقامەکان و بەردەم ناوچەی پەڕینەوە دروستدەکرێن.

چوار شوێن لە سەنتەری پارێزگای هەولێر دەستنیشانکراون بۆ دروستکردنی رێگەکان، کە ئەوانیش بریتین لە: چواردەوری قەیسەری، چواردەوری نافورەی شار، لە بازاڕی سیروان تاوەکو شێخی چۆلی، هەروەها شەقامەکانی پێش بینای پارێزگا.

شارەوانی هەولێر دەڵێت، دروستکردنی ئەو رێگایانە دەبنە ئاسانکارییەکی باش و نابینایان دەتوانن بەئارامی لە شەقامە گشتییەکان هاتوچۆ بکەن.