زیندانی کرماشان - وێنە: socialmedia
لە سەرتاسەری ئێران ژمارەیان 142 کەسە
لە مانگێکدا 22 رۆژهەڵاتی لەسێدارەدراون
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
مانگی رابردوو 22 کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەسێدارەدراون. ئەوە ئاماری رێکخراوی هەنگاوە و دەڵێت، “لەسێدارەدان ئامارەکانی پێشتری تێپەڕاندووە”.
لە تەواوی ئێران لە هەمان مانگدا 142 کەس لەسێدارە دراون.
زۆرترین رێژەی لەسێدارەدراوان لە بەندیخانەی کرمان تۆمار کراوە کە 16 کەسە و لە بەندیخانەکانی قەزڵحیسار 14 کەس، رەجاییشار 14 کەس، ئیسفەهان 11 کەس، بەندەرعەباس 10 کەس، رەشت نۆ کەس، خوڕەمئاباد هەشت کەس و سنە شەش کەس تۆمارکراوە.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کە چاودێری رەوشی مافی مرۆڤی رۆژهەڵات دەکات، رۆژی پێنجشەممە 1.6.2023 بڵاویکردووەتەوە، لەسێدارەدان لەم مانگەدا ئامارەکانی رابردووی تێپەڕاندووە.
بە پێی زانیارییەکانی رێکخراوەکە، 31 بەندکراوی بەلووچ، 22 بەندکراوی کورد، نۆ بەندکراوی تورک و شەش هاوڵاتی ئەفغانستانی بوون و ناسنامەی 37 لەسێدارەدراوی دیکەشیان دیارنییە.