چوار ئەفسەری هەرێم بەشداریی کۆنفراسێکی تایبەت بە چەکی کیمیایی دەکەن

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

وەزارەتی پێشمەرگە ده‌ڵێت، چوار ئه‌فسه‌ریان چوونه‌ته‌ لاهاى بۆ به‌شداریكردنى له‌ كۆنفڕانسێك بۆ رێگریکردن لە ھێرشەکان بە چەکی کیمیایی.

ئه‌م كۆنفڕانسه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ و بۆ رێگریکردن لە ھێرشەکانى ئه‌و چەکه‌ لە رۆژھەلاتی ناوەڕاست به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.

دوو له‌و ئه‌فسه‌رانه‌ى به‌شدارن سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و دووانه‌كه‌ی دیکەش سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تى ناوخۆى هه‌رێمی كوردستانن.

وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کۆنفرانسه‌كه‌، له‌لایه‌ن رێکخراوی CRDF – Global سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، رێکخراوه‌ و بەڕێوه‌ى ده‌بات، تێیدا شارەزایانی بواری کیمیاوی لە FBI و ئینتەرپوڵ و وەزارەتی دەرەوەیان بەشداری کونفرانسەکە بوون.

ئاماژەیان بەوەش کردووە، له‌ كۆنفڕانسه‌كه‌دا ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسان و شارەزایانی بواری کیمیایی لە وڵاتی ئوردن بەشداری کونفرانسەکە بوون، لە عێراقیش ژمارەیەک لە ئەفسەرانی پلە باڵای سەربازی عێراقی بانگهێشتی کونفرانسەکە کرابوون.

ئه‌وه‌ش هاتووە، كه‌ لە کۆنفرانسەدا، بەشداربوان جەختیان لەسەر پەرەدان به ھەوڵە ھاوبەشەکان بۆ رێگریکردن لە تیرۆریستان بۆ دەستکەوتنیان به ھەر جۆره کەرەستەیەک کرد، کە ببێتە ھۆی دروستکردنی چەکی کیمیایی.

کۆنفرانسی لاھای لە رۆژی 28.5.2023 دەستیپێکرد و ئه‌مڕۆش كۆتایی پێهات.