بێ پارەیی هەشت پرۆژەی ئاوی گەرمیانی وەستاندووە

964+
میلاد جەلال – گەرمیان

بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی پارەی نەختینە لە بانکەکان، ھەشت پڕۆژەی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی گەرمیان کارەکانیان وەستاوە.

ئەو پرۆژانە دەگەڕێنەوە بۆ ساڵانی 2014 دواتر، دوو پرۆژەیان لە خانەقینە و سێ پرۆژەیان لە کفری و سێ پرۆژەکەی تر لە کەلار و ناحیەی رزگارین.

پرۆژەکان بریتین لە دروستکردنی بینای فەرمانگەی ئاوی کفری، راکێشانی تۆڕی ئاوی گەڕەکی شارەوانی لە کفری، لێدانی بیر بۆ گوندی ھەرمۆڵە، دروستکردنی تاقیگەی مەرکەزی ئاو بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئاوی گەرمیان، دروستکردنی تانکی ئەرزی و پەمپستەیشن لە رزگاری، دروستکردنی بینای بەڕێوەبەرایەتی ئاوی دەوروبەری گەرمیان، نۆژەنکردنەوەی پرۆژەی ئاوی خانەقین، لێدانی دوو بیر بە ھەموو پێداویستیەکانی لە قەزای خانەقین.

“تەواوکردنی ئەو پرۆژانە پێویستی بە نزیکەی سێ ملیار دینار ھەیە، بەھۆی زۆری بودجەکەی و نەبوونی پارەی نەختینە لە بانکەکان بودجەیان بۆ تەرخان ناکرێت بۆ تەواوکردنی ئەو پرۆژانە”، بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری گەرمیان وای وت.

نەوزاد حەمید بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری گەرمیان بە 964ى وت، تەواوکردنی ئەو ھەشت پرۆژەیە لە توانای بەڕێوەبەرایەتیەکەیان نییە چونکە بودجەکەی زۆرە، لە بانکەکانیش پارەی بۆ سەرف ناکرێت و دەڵێن پارەی نەختینەیی نییە.