یانەی سلێمانی بەشداریی خولی عێراق دەکات


یادگار محەمەد – سلێمانی

فیدراسیۆنی تۆپی دەستی عێراق پرۆگرامی وەرزی نوێی دانا و یانەی سلێمانیش بەشداریی دەکات.
لە دوا کۆبونەوەی خۆیدا، فیدراسیۆنی تۆپی دەستی عێراق، میکانیزمی وەرزی نوێی خولەکەی راگەیاند، بەوەی کە یانە بەشداربووەکان دوای ئەنجامدانی قۆناغی پاڵاوتن لەسەر سێ ئاستی پلە یەک و پلە نایاب و خولی نوخبە، پۆلێن دەکرێن.
ئاوات ئەحمەد سەرپەرشتیاری یاریی تۆپی دەست لە یانەی سلێمانی، تایبەت بە تۆڕی 964 ـی راگەیاند، هەرچەندە تا ئێستا بە فەرمی یانەکەیان بڕیاری بەشداریکردنی نەداوە، بەڵام بەنافەرمی پێیان راگەیاندوون تیپەکە ئامادە بکەن.

وتیشی، “بۆ ئەم مەبەستە تا ئێستا گرێبەستمان لەگەڵ 10 یاریزانی پێشووی تیپەکە نوێکردووتەوە، دوای ئەوەی یانەکەشمان بە فەرمی رایبگەینێتی بەشدار دەبن، ئەوا گرێبەستی دیکەش ئەنجام دەدەین”.

رەعد عەبد رەمەزان بەرپرسی لیژنەی پێشبرکێیەکان لە فیدراسیۆنی تۆپی دەستی عێراق رایگەیاند، وەرزی داهاتووی خولی عێراق بە ئەنجامدانی قۆناغی پاڵاوتن دەستپێدەکات، کە یانە بەشداربووەکان دابەشی سەر چوار کۆمەڵە دەکرێن و دواتر لە هەر کۆمەڵەیەکدا سێ یانە بۆ خولی نوخبە سەردەکەون.

تا ئێستا کاتی بەڕێوەچوونی رکابەرییەکان دیاریی نەکراوە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا