دروێنەی گەنمی ئەمساڵ لە گەرمیان - وێنە: 964
"نابێت لە 500 هەزار تۆن زیاتر رادەست بکەن"
بەغدا رادەستکردنی گەنمی بۆ جووتیارانی هەرێم سنووردار کرد
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
حکومەتی عێراق رادەستکردنی گەنمی بۆ جووتیارانی هەرێمی کوردستان سنووردار کرد و لەمەودوا ناتوانن لە 500 هەزار تۆن گەنم زیاتر رەوانەی سایلۆکان بکەن.
پێشتر وەزیری کشتوکاڵی هەرێم رایگەیاند، وەرگرتنی گەنمی جووتیاران ئازاد دەکرێت، بە مانای ئەوەی بێ سنوور دەتوانن گەنم رەوانەی سایلۆکان بکەن.
بڕیار رەشید، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فەیسبووکی خۆی رایگەیاند، بڕەکە لە 375 هەزار تۆنەوە کراوە بە 500 هەزار تۆن.
بەغدا بڕیاریشیداوە رێگریی نەکات لە هەناردەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی هەرێمدا بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق، بڕیار رەشید وای وت.
پێشتر کۆمپانیای بەبازاڕکردنی دانەوێڵەی عێراق رایگەیاند، بۆ ئەمساڵ چوار ملیۆن تۆن گەنم وەردەگرێت و لەو بڕەش 375 هەزار تۆن بەر جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەکەوێت.
ئەوە دواتر ناڕەزایەتی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە بەوەی بڕی گەنمی بەرهەمهێندراویان زیاترە لەوەی عێراق بۆی دیاریکردوون.