کێ سەرکەوت و کێ دابەزی؟

پرێمه‌رلیگ كۆتایی هات و هه‌موو شتێك یه‌كلابووه‌وه‌

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

یارییه‌كانی وه‌رزی 2022-2023ی خولی نایابی ئینگلته‌را كۆتاییان هات، ناسنامه‌ی تیپه‌كان بۆ خوله‌كانی ئه‌وروپا و هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی دابه‌زین، ده‌ركه‌وت.

یارییه‌كانی گه‌ڕی 38 و كۆتایی ئێواره‌ی یه‌كشه‌ممه‌ له‌ یه‌ك كاتدا به‌ڕێوه‌چوون و خولی ئه‌م وه‌رزه‌ كۆتایی هات.

یانه‌ی مانچێسته‌ر سیتی، دوو گه‌ڕ له‌مه‌وبه‌ر نازناوه‌كه‌ی یه‌كلاكرده‌وه‌ و بۆ وه‌رزی سێیه‌می له‌سه‌ریه‌ك بووه‌ پاڵه‌وان.

ئه‌و تیپانه‌ی به‌شداریی چامپیۆنزلیگ ده‌كه‌ن
هه‌ر چوار یانه‌ی مانچێسته‌ر سیتی، ئارسیناڵ و مانچێسته‌ر یونایتد و نیوكاسڵ، راسته‌وخۆ به‌شداریی چامپیۆنزلیگی وه‌رزی داهاتوو ده‌كه‌ن، دوای ئه‌وه‌ی چوار پله‌ی پێشه‌وه‌ی خوله‌كه‌یان گرت.

خوله‌كانی دیكه‌ی ئه‌وروپا
یانه‌كانی لیڤه‌رپوول و برایتۆن، كه‌ له‌ پله‌كانی پێنجه‌م و شه‌شه‌م هاتن، له‌ خولی ئه‌وروپا “یۆرۆپالیگ” به‌شداریی ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها یانه‌ی ئه‌ستۆن ڤێللا، كه‌ له‌ پله‌ی حه‌وته‌م هات، به‌شداریی پاڵاوتنه‌كانی كۆنفرانس لیگ ده‌كات.

ئه‌و تیپانه‌ی دابه‌زین
هه‌رسێ یانه‌ی لێسته‌ر سیتی، لیدز یونایتد و ساوسامتۆن، كه‌ له‌ پله‌كانی 18 و 19 و 20 هاتن، بۆ خولی پله‌ یه‌كی ئینگلته‌را دابه‌زین.

گۆڵكاری ئه‌م وه‌رزه‌
هێرشبه‌ری نه‌رویجیی یانه‌ی مانچێسته‌ر سیتی “ئێرلینگ هالاند”، كه‌ یه‌كه‌م وه‌رزه‌ له‌ پرێمه‌رلیگ یاریی بكات، به‌ تۆماركردنی 36 گۆڵ بووه‌ گۆڵكاری ئه‌م وه‌رزه‌ی پرێمه‌رلیگ، له‌ دوای ئه‌ویش هاری كه‌ینی هێرشبه‌ری تۆتێنهام دێت به‌ 30 گۆڵ.

كێ سه‌ركه‌وتووه‌؟
ئه‌م وه‌رزه‌ هه‌رسێ یانه‌ی لولۆن تاون، بێرنلی و شیفێڵد یونایتد بۆ خولی نایابی وه‌رزی داهاتوو سه‌ركه‌وتن، دوای ئه‌وه‌ی سێ پله‌ی یه‌كه‌می خولی پله‌ یه‌كیان به‌ده‌ستهێنا.

خولی یانه‌كانی ئینگلته‌را بۆ یه‌كه‌مجار له‌ 1888 ده‌ستیپێكردووه‌، به‌ڵام خولی نایابی ئینگلیزی “پرێمه‌رلیگ” له‌ ساڵی 1992ـه‌وه‌ بڕیاری له‌سه‌ردرا و له‌ وه‌رزی 1992-1993ـه‌وه‌ به‌و شێوازه‌ی ئێستای به‌ڕێوه‌ده‌چێت، كه‌ یانه‌ی مانچێسته‌ر یونایتد 13 جار بووه‌ته‌ پاڵه‌وان و خاوه‌نی ژماره‌ی پێوانه‌ییه‌.
خولی نایابی ئینگلته‌را به‌ گوێره‌ی بیروڕای چاودێران و شاره‌زانی تۆپی پێ، به‌هێزترین خولی تۆپی پێیه‌ له‌ ئه‌وروپا.