ئاسایشی هەولێر: تۆمەتبارانی تەقەکەر لە گوندی ناوشێوان دەستگیرکران
964+
فەرمان سادق
لەسەر رووداوی دەستڕێژی گوللەکەی نیوەڕۆی ئەمڕۆی هەولێر کە بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا و یەکێکی دیکەش بە سەختی بریندار بوو، ئاسایشی هەولێر دەڵێت: تۆمەتبارانی تەقەکەر دەستگیر کران.
964 کەمێک پێش ئێستا هەواڵی دەستگیرکردنی تەقەکەرەکانی بڵاوکردەوە.
ئێستا ئاسایشی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا زانیاری زیاتری لەسەر رووداوەکە بڵاوکردەوە و دەڵێت: بە هەوڵ و ماندووبوونی تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر و بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر، توانرا تۆمەتبارانی تەقەکەر دەستنیشانبکرێن کە پێکهاتبوون لە دوو کەس بە ناوەکانی (م. ه. ا.) لەدایکبووی ساڵی 1988 و (ب. س. ا.) لەدایکبووی 1987.
زیاتر دەشڵێت: دوای هەڵاتنیان بۆ دەرەوەی شاری هەولێر و دەستنیشانکردنی شوێنی خۆحەشاردانیان، لە گوندی ناوشێوان لە ناحیەی خەلیفان لە لایەن تیمەکانمان لە ئاسایش و هێزەکانی ناوخۆ گەمارۆ دران و خۆیان رادەستی هێزەکانمان کرد.
دەستگیرکردنی ئەو دوو کەسە دوای ئەوە دێت کە ئەمڕۆ یەکشەممە 28.5.2023، لە شەقامی 100 مەتری شاری هەولێر، لە رووداوێکی تەقەکردندا هاونیشتمانیەک بە ناوی شەهاب بێرسیاڤی کوژراو و هاونیشتمانییەکی دیکەش بە ناوی سەربەست شێخەمیر بریندار بوو.