لە سلێمانی دابەشکردنی خۆراک دەستپێدەکاتەوە

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

وا بڕیارە لە سبەینێ دووشەممەوە لە سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین دەستبەدابەشکردنی بەشە خۆراکی مانگانە بکرێتەوە، دوای ئەوەی بۆ ماوەی دوو رۆژ بوو وەستابوو.

وەستانەکە بەهۆی سەردانی تیمێکی وەزارەتی بازرگانی عێراق بوو کە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو 26.5.2023 هاتبوونە شاری سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان و سەردانی کۆگاکانی خۆراکیان کردووە بۆیە دابەشکردنی خۆراک راگیرابوو.

ئەو بەشە خۆراکەی ئێستا دابەشدەکرێت هی مانگی پێنجی ئەمساڵە.

کاسترۆ مەعروف، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە 964ی راگەیاند، بەدواداچوونیان بۆ وەستانی دابەشکردنی بەشەخۆراکی هاوڵاتیان کردووە و هۆکارەکەی هاتنی ئەو تیمە بووە و هیچ کێشەیەکی تر لە ئارادا نەبووە.