دوو رۆژه غازی ماڵان لە دهۆک کەمبووەتەوە

 +964

عەمار عەزیز

دوای تەقینەوەکەی دهۆک، بەهۆی دەرکردنی کۆمەڵێک رێنمایی و بەدواداچوون بۆ ئەو شوێنانەی سیستەمی شوڤاژ و غاز بەکاردەهێنن، ماوەی دوو رۆژە غازی ماڵان لەسەنتەری دهۆک کەمبووتەوە.

سەرچاوەیەکی بەرپرس لە کۆمپانیای نەوروز بۆ دابینکردنی غازی ماڵان لە دهۆک بە +964ـی راگەیاند، غازی ماڵان لە دهۆک کەم بووە.

ئەو سەرچاوەیە کە بە مەرجی پاراستنی بڵاونەکردنەوەی ناوەکەی قسەی بۆ +964 کردووەو، ناوەکەی پارێزراوە، وتی “دوو رۆژه غاز بۆ کۆمپانیاکەمان نەهاتووە، پرسیارمان لە کارگەی غاز کردووە، ئەوان دەڵێن غاز نیە”. زیاتر وتی “پێش ئەم تەقینەوەیە رۆژانە چوار و پێنج کیای بارهەڵگر غازمان بۆ دەهات، بەڵام دوای دەرکردنی کۆمەڵێک رێنمایی غاز کەمبووەتەوە”.

+964 دەزانێت، لە سەنتەری شاری دهۆک، هەردوو کۆمپانیای مزگین و نەوروز، غاز بۆ ماڵان دابین دەکەن.

بەڵام وەهبی محەمەد شەهاب، کە شوفێری گواستنەوەی غازی ماڵانە لە کۆمپانیای غازی مزگین بۆ +964 قسەی کردووەو دەڵێ؛ هەندێک رۆژ 75 بۆتڵی غاز دابەش دەکەین، ئەو ژمارەیەش جێگیر نیەو رۆژ هەیە دەگاتە ١٨٠ بوتڵە غاز، بەڵام رۆژانە بۆ دابینکردنی خواستی خەڵک لەسەر غاز پێویستمان بە ٢٥٠ بوتڵە غازە.

زیاتر وتی “غاز کەمی نەکردووە بەڵام داواکاری لەسەری زۆر زیادی کردووە، خەڵک لەم وەرزەدا بۆ خۆ گەرم کردنەوەش بەکاری دەهێنن”.

پێوەند بە کاریگەری رێنماییەکان لەسەر کەمبوونەوەی غازی ماڵان، بێوار عەبدولعەزیز، بەرپرسی بەشی راگەیاندن لە بەرگری شارستانی دهۆک بە +964ـی وت؛ هیچ رێنماییەکی نوێ دەرنەکراوە کە کاریگەری لەسەر غازی ماڵان هەبێت، ئەوەی هەیە تەنیا سەرۆکی حکومەت بۆ ماوەیەکی کاتی ئیشکردنی بە سیستەمیLPG  و داگرتنی تانکەری گەورەی غاز راگرت”.

بێوار عەبدولعەزیز، ئاشکرای کرد کە بەمنزیکانە رێنمایی نوێ لەسەر سیستەمی غاز، بەتایبەتLPG  دەردەکرێت کە لەسەر ئاستی هەموو پارێزگاکان ئیشی پێ دەکرێت.