پیاوێک هەزار باڵندە و پەلەوەری “دەگمەن” بەخێودەکات
964+
مەجید بتوێنی
جەمال حاجی سێناجیانی هاوڵاتییەکی شاری رانیەیە، لە شوێنی کارەکەی وەک خولیایەکی تایبەت چەندین ساڵە باڵندە و پەلەوەرە “دەگمەنە بیانییەکان” کۆدەکاتەوە و بەخێویان دەکات.
جەمال دەڵێت، هەزار باڵندە و پەلەوەری بیانی لە دەیان جۆری جیاواز، لە دەنوک کورت و درێژ بەخێودەکات و یەک دانەشیان نافرۆشێت.
ئەوانەی مرداردەبنەوە وشکدەکاتەوە و بۆ جوانی هەڵیاندەگرێت.
لەبەر زۆری ژمارەیان جەمال هەلی کاری بۆ دوو گەنجی تر رەخساندووە تا چاودێرییان بکەن بۆ خواردنپێدان و رێکخستنی شوێنەکەیان.
بە قسەی خۆی، تەنیا تێچووی کڕینی خۆراک و دەرمان بۆ باڵندەکان بەشێوەی مانگانە سێ ملیۆن دینارە.
پەیامنێری 964 دەڵێت، کاتێک دەچیتە شوێنەکە هەست دەکەیت لە “ناشناڵ پارکێکی سروشتیدایت”، بە شێوازێکی جوان و رێکوپێک شوێن و هێلانەی بۆ رازاندوونەتەوە.
باڵندەکان بەگوێرەی گونجاوییان پۆلێنکراون تا ئازاری یەکترنەدەن.
باڵندەکان ئەم جۆرانەیان تیادایە، رۆزێلا، غەندور جامبۆ، غەندور پەپولە، فنسی رەنگاوڕەنگ، کۆکتێل، توتی، قومری، قاز، مراوی کێوی ئەوروپی و کەنەدی، چەندین جۆر کەڵەباب و مریشکی بچوکی ئیسپانی و هۆڵەندی لەگەڵ 200 کۆتری جۆراوجۆر.
هاوڵاتیان دەتوانن بێبەرامبەر بچن سەیری باڵندە و پەلەوەرەکان بکەن و وێنەیان لەگەڵ بگرن.