رازاندنەوەی شەقامی پارکی ئازادی لە تەواوبووندایە

964
دیلان محەمەد جەزا

دوای لابردنی سەرجەم دارەکانی شەقامی پارکی ئازادی، ئۆتۆمبێلەکانی شارەوانی سەرقاڵی دانانی ھێڵی ئاودێرین بۆ شەقامەکە، نزیکەی هەزار مەتر درێژیی پڕۆژە ئاودێرییەکەیە.

لە رازاندنەوەی شەقامەکەدا نزیکەی 170 داری گەورەی ناروەند دەڕوێندرێت، بە هەزاران گوڵ و دەوەنیش لە بلواری شەقامەکەدا دەڕوێندرێن.

لە ماوەی مانگێکدا پڕۆژەکە تەواو دەبێت، لە جێگەی هەر دارێکی وشکبووی قەراغی شەقامەکە داری توو دەڕوێندرێت، لەبەر ئەوەی دارێکی گونجاوە بۆ کەشوهەوای شاری سلێمانی و زۆر بەهێزە.

بەهرۆز سالار بەڕێوەبەری باخچەکانی سلێمانی بە 964 وت، “ئەوەی هەیە سیستمی ئاودێرییە راکێشراوە بۆ بلوارەکە و هێڵی ئینتەرنێت نییە، سەرجەم ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە، کە شەقامی پارکی ئازادی بۆ هێڵی ئینتەرنێت هەڵکەندرابێت”.

لە سەرەتای مانگی چواری رابردوو سەرجەم دارەکانی شەقامی پارکی ئازادی لابران، بەهۆی ئەوەی نەخۆشی تێیاندا بڵاوببووە.

پێداچونەوە: كوردستان ئەحمەد