له‌ رۆژی جیهانی منداڵە ونبوەکاندا

كه‌س نازانێت چه‌ند منداڵى‌ ونبوو له‌ هه‌رێمدا هه‌یه‌‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

ئه‌مڕۆ رۆژی جیهانی منداڵە ونبوەکانه‌ و تا ئێستاش جگه‌ له‌ ژماره‌ى منداڵه‌ ونبووه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌، كه‌س نازانێت له‌ هه‌رێمی كوردستاندا چه‌ند منداڵى ونبوو هه‌یه‌.

ماوه‌ى چه‌ند ساڵێكه‌ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆردێکی تایبه‌تى دروستكردووه‌ بۆ گەڕان به‌دواى منداڵه‌ ونبووه‌كاندا، به‌ڵام تا ئێستا ئامارێكى ئاشكرا نه‌كردووه‌ كه‌ چه‌ند منداڵى ونبوو له‌هه‌رێمى كوردستاندا هه‌ن.

لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە، كه‌ ئه‌مڕۆكه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆرده‌ى حكومه‌ت له‌باره‌ى منداڵه‌ ونبوه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌ كۆبوونه‌ته‌‌وه‌، به‌ 964ـى وت “لەگەڵ ئەو بۆردە کۆبووینەتەوە تا بتوانین جارێکی دیکە دۆسیەی ئەو ونبوانەی هەڵەبجە بجووڵێنین و دۆخی خانەوادەی ونبووەکان بخەینەوە بەرچاو”.

“به‌پێی تۆمارى دادگای هەڵەبجە 78 خێزان ونبوویان هەیە، بەڵام بەپێی ئەو ئامارانەی لە ئێرانەوە دەستمان کەوتوون نزیکەی 400 مناڵی ونبوو لە کاتی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە تۆمارکراون”

وتیشی، داواکاریان بۆ ئەو بۆردە کارکردن بووه‌ لەسەر دوو رێگا، یەکیان وەرگرتنی پشکنینی DNAـی ئەو خانەوادانەی رۆڵەیان ونبووە، دووەمیش لە رێگەی پەیوەندییەکانەوە لە وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت ئێران.

لەبارەی ژمارەی منداڵه‌ ونبووەکانی هەڵەبجە، ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، به‌پێی تۆمارى دادگای هەڵەبجە تا ئێستا 78 خێزان ونبوویان هەیە، بەڵام بەپێی ئەو ئامارانەی لە ئێرانەوە دەستمان کەوتوون نزیکەی 400 مناڵی ونبوو لە کاتی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە تۆمارکراون.

لوقمان عەبدولقادر، ئه‌وه‌ى ره‌تكرده‌وه‌ كه‌ بۆرده‌كه‌ى حكومه‌ت له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ئه‌مڕۆیاندا ژماره‌ى گشتى منداڵه‌ ونبووه‌كانى له‌هه‌رێم راگه‌یاندبێت، وتیشی “تا ئێستا ته‌نیا ئامارى منداڵه‌ ونبووه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌ زانراوه‌”.

بەپێی ئامارێکی جیاوازیش كه‌ بەڕێوبەرایەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەڵەبجە بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، تەنیا لە ناو هەڵەبجەدا 211 منداڵی ونبوو هەیە کە خاوەندارێتیان بۆ 47 خێزان دەگەڕێتەوە.

رۆژى جیهانى منداڵه‌ ونبووه‌كان، بۆ یه‌كه‌مجار له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له‌ساڵى 1983 له‌ سه‌رده‌مى سه‌رۆكى ئه‌وكات رۆناڵد رێگان سه‌ریهه‌ڵدا ئه‌ویش بۆ یادكردنه‌وه‌ى منداڵێكی ونبووى ته‌مه‌ن شه‌ش ساڵان بوو، به‌ناوى ئیتان باتس له‌ شارى نیۆیۆڕك و ئه‌و رۆژه‌ى  وه‌ك رۆژى نیشتمانى بۆ یادكردنه‌وه‌ى منداڵه‌ ونبووه‌كانى ده‌ستنیشان كرد.

دواتر له‌ ساڵى 1998 له‌لایه‌ن 29 وڵات كه‌ منداڵى ونبوویان هه‌بوو، تۆڕى جیهانى منداڵه‌ ونبووه‌كان راگه‌یه‌ندراو ساڵى 2001 یش ئه‌و رۆژه‌ كرایه‌ رۆژێكی جیهانى.