هێزێکی عێراقی دووبارە گەڕاوەتەوە دەوروبەری کەمپی مەخمور

964+

فەهمی نەبی

لە چەند رۆژی رابردوودا ئەو هێزەی دەورووبەری کەمپی شەهید رۆستەم جودی لە مەخمور گرتبوو شوێنەکەی جێهێشتبوو، ئەمڕۆ کاتژمێر 6ی بەیانی دوبارە گەڕاونەتەوە هەمان شوێن.

رۆژی 20.5.2023 هێزێکی سەربازی حکومەتی عێراق لەگەڵ پۆلیسی فیدرالی بەمەبەستی وەرگرتنی لایەنی بەڕێوەبردنی کەمپەکە لەگەڵ دانیشتوانی ناو کەمپەکە رووبەڕووبونەوە، گەنجێکی دانیشتووی کەمپەکە بەناوی عومەر بریندار بوو.

فیلیز بۆباک، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی کەمپی مەخمور بۆ 964 قسەیکرد وتی “سێ رۆژ بەر لە ئێستا لەگەڵ ئەو هێزەی هاتبووە دەورووبەری کەمپەکە رێککەوتین کە ئەوان خەندەقێک لێ بدەن بەپێی دیاریکردنی ئەو شوێنەی ئێمە بڕیاری لێ دەدەین لەبەرامبەردا ئەو هێزە چیتر نابێت لەوێ بێت”.

فیلیز ئەوەشی وت “ئەمڕۆ بەیانی ئەو هێزە دووبارە هاتۆتەوە هەمان شوێن و ئەو رێککەوتنەی لەنێوانمان بوو ئەوان پێشێلیان کردووە”.

بەگوێرەی زانیاریەکان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دانیشتوانی کەمپی شەهید رۆستەم جودی دووبارە خۆپیشاندانیان دەستپێکردوەتەوە و ئەو خەندەقەی لێدراوە پڕیانکردوەتەوە و رێگاکەیان گرتووە.

فیلیز بۆباک دەڵێت، ئێمە 25 ساڵە لەو کەمپە دەژین، تا ئێستا بچوکترین کێشەمان لەگەڵ حکومەتی عێراق نەبووە، ئەوەی ئێستا هەیە بە فشاری تورکیایە.

ئەو هاوسەرۆکەی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی کەمپەکە دەڵێت، ئێستا گرژی لەنێوان هێزە عێراقیەکان و دانیشتوانی کەمپەکە هەیە.

کەمپی شەهید رۆستەم جودی، لە ساڵی 1998 لە بناری چیای قەرەچوخ لە رۆژهەڵاتی مەخمور بۆ کوردانی باکوور دروستکراوە، ژمارەی دانیشتوانەکەی زیاترە لە 10 هەزار کەس دەبێت.