هەفتەی داهاتوو باخی گشتی دەکرێتەوە

964+

دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

دوای نۆژەنکردنەوەی هەفتەی داهاتوو باخی گشتی بە رووی رێبواران و گەشتیاران دەکرێتەوە.

نۆژەنکردنەوەی باخی گشتی لە سلێمانی بە دوو قۆناغ بووە و تێچووەکەشی 625 ملیۆن دینار بووە، ئەوەی ماوە لە پاشماوەی نۆژەنکردنەوەکەی پاک بکرێتەوە و بە رووی رێبواران و گەشتیاران بکرێتەوە.

باخی گشتی لە ساڵی 1937 لە شاری سلێمانی وەک یەکەم باخ کراوەتەوە، دەکەوێتە کۆتایی شەقامی سالم و بەرامبەر هوتێل سلێمانی پاڵاس.

رووبەری  900 مەتر چوارگۆشە لە باخەکە کۆنکرێت کراوە، راڕاوەکانی ناو باخچەکە بە دیزاینێکی نوێ و مۆدێرن کۆنکرێت کراوە.

زانیار جەبار، لە نوسینگەی سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی بە 964ـی وت، چەندجارێک بەهۆی دەرخستە پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی باخی گشتی وەستا، بەڵام دواجار پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەکە تەواو کراو و ئێستا کارەکانیشی کۆتایی هاتووە و چەند کارێکی کەمی ماوە بۆ کردنەوەی.