لە پێنجوێن 70 کارگە ملیۆنان سندوق ئامادە دەکەن

964+

ئەحمەد مستەفا_ سلێمانی

لە پێنجوێن 70 کارگە سندوقی پلاستیکی 10 بۆ 20 کیلۆیی دروستدەکەن، یەکێک لە خاوەن کارگەکان دەڵێت،”رەنگە ھێشتا بەشی پێنجوێن نەکات”.

لە ھەزاران دۆنم زەوی دەشتی پێنجوێن، شەتڵ و نەوار بۆ زۆرێک لە بەرھەمە خۆماڵییەکان لێدراوە، بۆ کاتی پێگەشتنی بەرھەم کارگەکان 24 کاتژمێر و بە سێ شەفت کار دەکەن، تا ملیۆنان سندوق ئامادە بکەن.

ئەمرۆ چوارشەممە 24.5.2023 جەلال تۆفیق، کە خاوەنی یەکێکە لەو کارگانە بە 964ی وت، “زەرعاتی ئەمساڵی دەشتی پێنجوێن زۆرە، ئێستا لە شەو و رۆژێکدا پێنج ھەزار سندوق بەرھەمدەھێنین، ھێشتا پێمان وایە بەشی بەرھەمی ئەمساڵ ناکات”.

کارگەکان بە ھەشت کاتژمێری و 10 کاتژمێری و 12 کاتژمێری کاردەکەن، دەزگاکان سندوقەکان بەرھەمدەھێنن و لەگەڵیشدا نزیکەی 10 کرێکار ھاوکاری پرۆسەکە دەبن، بە وتەی جەلال، “تێچووی بەرھەم ھێنانی یەک سندوق 400 دینارە، لە بازاڕیشدا بە یەک ھەزار دینار بۆ یەک ھەزار و 200 دینار بە جوتیارانی دەفرۆشنەوە”.

جەلال پێی وایە کرێی کارەبا و رسوماتی کارگەکان زۆرە، بۆیە نرخی یەک سندوقیش بەو بەھایە لە بازاڕدا دەفرۆشرێتەوە، “لەلایەن جوتیارەکانەوە سندوقەکان بۆ تەماتە، کولەکە، بیبەر، کاڵەک و بامێ بەکاردەھێنرێت”.

پێداچوونەوە: توانا نەقی