هاتوچۆی هەولێر: کامێراکانی ترافیکی رێگای مەخمور سبەی دەکەونە کار

964+

دێسکی کوردی

هاتوچۆی هەولێر رایگەیاندووە، لە رۆژی چوارشەممەوە “سبەی” کامێرای هەر چوار لای ترافیکی 100 مەتری رێگای مەخمور دەکەوێتەکار، کە پێنج جۆر سەرپێچی تۆمار دەکات.

راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە ئەو ئاگادارییەی بۆ شۆفێران بڵاوکردووەتەوە.

بە گوێرەی هاتوچۆی هەولێر، ئەم هەفتەیە تەنیا بۆ تاقیکردنەوەیە و هەفتەی داهاتوو بە شێوەیەکی بەردەوام دەکەوێتە کار.

ئەو کامێرایە پێنج جۆر سەرپێچی تۆماردەکات، لەوانە، بەزاندنی  چرای سووری ترافیک، دەرچوون لە خێرایی رێگەپێدراو لەو کاتەی ترافیک سەوزە، گرتنی دەستەڕاستی ترافیک لایت، راوەستان لەسەر هێلی پەڕینەوەی پیادەکان و بەزاندنی ستۆپ لاین.

پێشووتر راگەیاندنی هاتوچۆی هەولێر لە بارەی توانای ئەو کامێرایانە بۆ 964 قسەی کردبوو، دەڵێت، توانای کامێراکان زۆر وردە، تەنانەت وەک ئەوەی بە مۆبایل وێنەی خۆت بگری ئاوا بە روونی وێنەت دەگرێت.