عێراق بڕیاری دا

هاوردەکردنی چەند جۆرێکی ماتۆڕسکیل قەدەغە دەکرێت

964+

فەهمی نەبی

حکومەتی عێراق بڕیارێکی نوێی هەشت خاڵی سەبارەت بە هێنان و تۆمارکردنی ماتۆڕسکیل دەرکردووە، بە پێی بڕیارە نوێییەکە هاوردەکردنی ماتۆڕسکیل قەدەغە دەکرێت.

باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق، بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی قسەی کردووە و دەڵێت، بڕیاردراوە چیتر ماتۆڕسکیل هاوردە نەکرێت.

کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیران عێراق ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجامدراوە، لە کۆبوونەوەکەدا محەمەد شیاع سودانی کۆمەڵێک بڕیاری دەرکردووە.

بە پێی بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران، بە هەموو شێوەیەک هێنانی ماتۆڕسکیلی جۆری توک توک و سەتوتە قەدەغەیە، هاوکات هاوردەکردنی ئەو جۆرە ماتۆڕسکیلانەش قەدەغەیە کە بزوێنەرەکەیان لە 40 سیسی کەمترە.

بڕیاری قەدەغەکردنی هاوردەکردنی ماتۆڕسکیل لە 1ی تەمموزەوە جێبەجێ دەکرێت.

بڕیاردراوە، مۆڵەتدان بە کارگەی دروستکردنی ماتۆڕسکیل بۆ کەرتی حکومی و تایبەت لە ناوخۆی عێراق بە تەواوی قەدەغە بکرێت، ئەوەش هاتووە لەمەودوا رۆیشتنی ماتۆڕسکیل بە رێگا گشتییەکان بە تەواوی قەدەغەیە.

ئەوانەی خاوەنی ماتۆڕسکیل، تەنیا سێ مانگیان لەبەردەستە بۆ ئەوەی ماتۆڕەکانیان تۆمار بکەن، هاوکات بە پێی بڕیارەکە دوای تۆمارکردن بە پێی پێویست رێگە بە رۆیشتنی ماتۆڕسکیل دەدرێت لە ناوچە کشتوکاڵییەکان، ناوچە گەشتیارییە داخراوەکان، کۆڵانەکان، رێگا تەسک و لاوەکییەکان و ناوچەکانی نیشتەجێبوون.