22ملیۆنی تێدەچێت
سەرگەت و هانەیدن و دەرەی مەڕ داوای چاککردنی رێگەكەیان دەكەن
964+
كوردستان ئەحمەد
گوندەكانی سەرگەت و هانەیدن و دەرەی مەڕ داوای نۆژەنكردنەوە و چاككردنەوەی رێگەکەیان دەكەن و شارەوانی بیارەش دەڵێت بودجەی پێویستیان نییە.
رێگاکە هەرسێ گوندەكە دەبەستێتەوە بە جادەی سەرەكی خورماڵ بۆ هەڵەبجە و بیارە بۆ هەڵەبجە، پڕە لە چاڵ و چۆڵ و قۆرت و تاسە.
بەهۆی بارانەوە بەشێك لە رێگاكە كەندڕبووە، درز و چاڵی زۆری تێدا دروستبووە، یەك ئاڕاستەیە و بەهۆی چاڵەكانەوە لەهەندێك شوێن هاتوچۆی ئەستەمكردووە.
ئەم رێگایە، گوندەكانی گوڵپ و سەرگەت و هانەیدن و دەرەی مەڕی لەسەرە، تا دەگاتە كۆتا خاڵی رێگاكە 10 كیلۆمەتر و نیوە.
محەمەد عەلی ئەنجومەنی گوندی هانەی دنە، لەگەڵ ئەنجومەنی گوندەكانی دیكە كۆبوونەتەوە و یاداشتێكیان بەناوی تەواوی دانیشتوانی گوندەكانەوە داوەتە سەرۆكی شارەوانی بیارە بۆ ئەوەی رێگەكەیان چاكبرێت و دووبارە قیربكرێتەوە.
حەمید باران، سەرۆكی شارەوانی بیارە بە 964ی وت، دەرخستەیان بۆ جادەكە كردووە، هەر ئەو گوندانە نین چەندین گوندی دیكەش هەیە رێگكەیان خراپ بووە، بەڵام بوجەی پێویستیان لەبەردەستدا نییە بۆ نۆژەنكردنەوە یان دووبار قیركردنەوەی رێگاكە و تەوای رێگەكە 22 ملیۆن دیناری تێدەچێت بەڵام پارەیان نییە بیكەن..
گوندەكانی گوڵپ و هانەیدن و دەرەی مەڕ و سەرگەت سێ كیلۆمەتر لە ناحیەی بیارە و چوار كیلۆمەتر لە ناحیەی خورماڵەوە دورن و پانزە كیلۆمەتر لە سەنتەری پارێزگای هەڵەبجەوە دورن، دانیشتوانەكەی بە باخداری و ئاژەڵدارییەوە سەرقاڵن و بە چوار گوندەكەوە نزیكەی 150 ماڵ دەبن.