لە مانگێکدا 3 هەزار دینار بەهای دۆلار هەڵکشاوە
964+
فەرمان سادق
لەگەڵ ئەوەی بانکی ناوەندی بەردەوامە لە گرتنەبەری رێکار بۆ دابەزاندنی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار، بەڵام لە بازاڕدا لە ماوەی مانگێک بەهای دۆلار سێ هەزار دینار گران بووە.
ئەمڕۆ سێشەممە 23.5.2023، بەهای 100 دۆلار لە بازاڕی دراوی هەولێر بەرامبەر 145,900 دینارە، لە بەغداش بە 145,200 دینارە.
ئەو نرخە لە کاتێکدایە بە دیاریکراوی مانگێک پێش ئێستا بەهای 100 دۆلار بەرامبەر 143 هەزار دینار بووە و لە بەغداش بە 142,500 دینار بوو.
لە ماوەی مانگی رابردوودا بە دیاریکراوی رۆژی 25.4.2023، دۆلار بۆ کەمترین نرخ دابەزی کە لە هەولێر 140,500 و لە بەغداش 139,700 دینار بوو.
بۆ ئەمڕۆ سێشەممە، بانکی ناوەندی 267 ملیۆن و 823 هەزاری خستە بازاڕەوە، لەم بڕەدا 52 ملیۆن و 800 هەزار دۆلاری بۆ ناوخۆ بووە و ئەوەی دیکەشی کە 215 ملیۆن دۆلارە بۆ حەواڵە بووە.
کەیفی خۆشناو، وتەبێژی بازاڕی دراوی هەولێر بە 964ـی وت، ئەوەی وایکردووە بەهای دۆلار دانەبەزێت، چاوەڕوانی بازاڕە بۆ پەسندکردنی بودجە، بێگومان پەسندکردنی بودجە کاریگەری لەسەر بازاڕ دەبێت.