سنوریان پێشێلكردووە
ماتۆڕە بێسەرەتاكان لە بەردەم دوكانەكان كۆكرانەوە
+964
شیراز عەبدوڵا – هەولێر
هاتوچۆی هەولێر دەستی بەسەر 300 ماتۆڕسكیلدا گرت كە هێڵی هاتوچۆیان پێشیلكردووە.
بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، هاتوچۆی هەولێر هەڵمەتێكی بۆ دەستبەسەراگرتنی ئەو ماتۆڕانە دەستپێكرد كە لەناو بازاڕی ماتۆڕفرۆشان هێڵیان بۆ دیاریكراوە و هێڵەكەیان پێشێلكردووە.
فازڵ حاجی، وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر بە 964وت، ماتۆڕەكان بێسەرەتان رێگەیان گرتووە و پێشێلی یاسایان كردووە، هێڵمان بۆ كێشاون كە لەو هێڵە زیاتر دەرنەچن، بەڵام ئەمڕۆ پێشێلكراوە و دەستبەسەر ماتۆڕەكاندا گیراوە.
بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی هەوڵێر دەڵێت، بە بڕیاری ژمارە یەكی ساڵی 2016 سەرجەم ماتۆڕەكان پاندەكرێنەوە و بە شێوەی ئاسن لە فرۆشتنێكی ئاشكرادا دەفرۆشرێن.
ئەمە یەكەم جارە ماتۆڕ لەبەردەم دووكانەكاندا دەگیردرێن و كۆدەكرێنەوە و دەستیان بەسەردا دەگیرێت، پێشتر تەنیا لە هەڵمەتەكاندا ماتۆڕیان دەگرت.
ماتۆڕەكان لە جۆری ئێرانی مەكینە بچوكن، لە ناو خەڵكدا پێیان دەوترێت”پێنج ونیو، هیچ مۆڵەت و ناونیشانێكیان نییە.
پێداچوونەوە: کوردستان ئەحمەد