پێنج هەزار کەس لە سلێمانی فۆڕمی دەرفەتی کاری وەزارەتی کشتوکاڵی پڕ کردووەتەوە
لە سەرانسەری کوردستان ١١ هەزار کەس فۆڕمەکەیان پڕ کردووەتەوە
+964
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
دوای راگەیاندنی پێنج هەزار هەلی کار لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵ، لە سەرانسەری کوردستان ١١ هەزار کەس فۆڕمەکەی پڕ کردووەتەوەو، لە سلێمانیش پێنج هەزار کەس پڕۆژەی پەلەوەری و کشتوکاڵیان پێشکەش کردووە.
هیوا عەلی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم بە +964ـی راگەیاند؛ لە ماوەی چوار مانگی رابردوو کە وەزارەتی کشتوکاڵ هەلی کارەکەی راگەیاندووە، تەنیا لە سلێمانی، پێنج هەزار کەس پڕۆژەی پەلەوەری و کشتوکاڵیان پێشکەش کردووە.
زیاتر وتی “لە سەرانسەری کوردستا ١١ هەزار کەس فۆڕمیان پڕ کردووەتەوە، لە هەر پارێزگا و شارێک خولی راهێنان دەکەینەوە و سەرکەوتووەکان دادەمەزرێندرێن.”
+964 دەزانێت، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ لەناو بینای وەزارەتی کشتوکاڵ لە هەولیر لە مانگی تەمووزی رابردوو، پێنج هەزار هەلی کاری بۆ درچووانی بەشەکانی کشتوکاڵ راگەیاند، کە پڕۆژەکانی بوارەکانی پەلەوەر، گاوداری، کشتوکاڵی، خانووی پلاستیکی، باخداری، کارگەکانی پیشەسازیی کشتوکاڵی دەگرێتەوە.
“دامەزراندنەکە بۆ پێنج هەزار کەسە و خولەکان دەبنە کێبرکێ و پێنج هەزار کەس لە باشترین و شاییستەترینیان هەڵدەبژێردرێن”. هیوا عەلی وای وت.