نەخۆشەکانی سلێمانی داوای گۆشت و سەوزەو میوە دەکەن

+964
پێشەوا محەمەد – سلێمانی

گۆشت و میوە لە نەخۆشخانەی سۆزی دەروونی لە سلێمانی دەبڕدرێت و هەر نەخۆشێکیش ڕۆژانە بۆی هەیە تەنیا سێ دەبە ئاو بخواتەوە، بەڕێوبەرایەتیی نەخۆشخانەکەش دەڵێ؛ نەخۆشەکانیان پێویستیان بە گۆشت و میوە و ئاوی زیاترە.
بە پێی زانیارییەکانی +964، ماوەی پێنج مانگە بەشە خۆراکی نەخۆشانی دەروونی نەخۆشخانەی سۆزی دەروونی بڕدراە، تا ئێستاش کێشەکە بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە.

دڵشاد یاسین، بەڕێوەبەری کارگێڕیی نەخۆشخانەی سۆزی دەروونی بۆ +964 قسەی کردووەو دەڵێ؛، نەخۆشەکان پێویستیان بە گۆشت و میوەو سەوزە هەیە، ئەگەر کەسی ئاسایی رۆژانە ٤٠٠ گرام سەوزەو میوەی پێویست بێ ئەوا ئەوانەی نەخۆشی دەروونییان هەیە پێویستیان بە زیاترە.


نەخۆشخانەی سۆزی دەروونی، دەکەوێتە کۆمەڵگای تاسڵوجەی سەر بە پارێزگای سلێمانی و، ساڵی ٢٠٠٩ دامەزراوە و لەژێر چاودێریی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمدایە، بە بەردەوامی توانای مانەوە و لەخۆگرتنی ٤٠ نەخۆشی هەیە.
+964 زانیاری لە کۆمپانیای موڤ دەستکەوتووە، کە خواردنی نەخۆشخانەکانی شاری سلێمانی دابین دەکات، نزیکەی یەک ملیار دیناریان لای وەزارەتی تەندروستییەو بۆیان خەرج نەکراوە.

سەرچاوەیەکی بەرپرس لە کۆمپانیایەکە بۆ +964 دەڵێ؛ پێشتریش هۆشداریمان لە بڕینی ئەو خواردنانە داوتە وەزارەتی تەندروستی.

پێوەند بەو پرسە، سامان شێخ لەتیف، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی بە +964 وت؛ لە نەخۆشخانەکانی تریش ئەو کێشەیەمان تووش بووە، نووسراومان بۆ وەزارەتی تەندروستی کردووە کە کێشەی پارەی کۆمپانیاکە چارەسەر بکات، بەڵام “هێشتا وەڵام نەدراوینەتەوە و کۆمپانیاکەش گۆشت و سەوزەو میوەی نەهێشتووەو چیتر دابینی ناکات”.