“بۆ كۆتاییهێنان به‌ خۆپێشاندانه‌كان هه‌ڕه‌شه‌ له‌ خوێندكاران ده‌كرێت”

+964
میلاد جه‌لال – كه‌لار

نوێنه‌ری خوێندكارانی خۆپێشانده‌ر له‌ گه‌رمیان رایگه‌یاند، لە بەشێک لە زانکۆکانی دیكه‌ ھەڕەشە لە خوێندکاران کراوە بۆ ئه‌وه‌ی كۆتایی به‌ خۆپێشاندان بهێنن.

خوێندکارانی زانکۆی گەرمیان ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ ٢٧ی تشرینی دووه‌م، بۆ سێیه‌م هه‌فته‌ له‌ خۆپێشاندان بۆ داواكردنی ده‌رماڵه‌ به‌رده‌وام بوون.

خوێندکارانی زانکۆی گەرمیان، خۆپیشاندانیان لە بەردەم باڵه‌خانه‌ی زانکۆ ئەنجام دایەوە، دواتر بە وتنەوەی دروشم رۆیشتن بۆ رێگه‌ی سه‌ره‌كیی کەلار – سلێمانی، و رێگه‌کەیان بە روووی شۆفێراندا داخست.

بیلال محه‌مه‌د نوێنەری خوێندکارانی خۆپیشاندەر لە بەیانامەیەکدا رایگەیاند “لە بەشێک لە زانکۆکانی دیكه‌ ھەڕەشە لە خوێندکاران کراوە، کە دەبێت کۆتایی بە ناڕەزایەتییەکان بھێنرێت”.

“لە خۆپێشاندان و بایکۆتکردنی ھۆڵەکانی خوێندن بەردەوام ده‌بن”

به‌ڵام ئه‌و رایگه‌یاند، ئەوان لە خۆپێشاندان و بایکۆتکردنی ھۆڵەکانی خوێندن بەردەوام ده‌بن، تا ئەوکاتەی وەڵامی داواکارییەکانیان دەدرێتەوە.

هاوكات ئه‌مڕۆ له‌ خۆپێشاندانه‌كانی خوێندكارانی زانكۆی گه‌رمیان، داوای ئازادكردنی ” هیوا خالید”ی خوێندكاری زانكۆی سلێمانییان ده‌كرد، كه‌ له‌ لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستگیر كراوه‌.

خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆی گەرمیان – ڤیدیۆ +964

ماوەی سێ ھەفتەیە خوێندکارانی گه‌رمیان لە خۆپێشاندان بۆ داواکردنی دەرماڵە به‌رده‌وامن، دووەمجاریشه‌ لە ماوەی ئەو سێ ھەفتەیەدا رێگەی کەلار – سلێمانی دابخەن.

سه‌باره‌ت به‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی داواكاریی خوێندكارانی زانكۆی گه‌رمیان، 964+ له‌ هه‌ولێر چوار جار په‌یوه‌ندی به‌ نووسینگه‌ی وه‌زیری خوێندنی باڵا و وته‌بێژی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا كرد، به‌ڵام وه‌لامی په‌یوه‌ندییه‌كانیان نه‌دایه‌وه‌.